ناتنانیاھۆ : ناکەوینەبن کاریگەریی بەیاننامەی وڵاتانی ئیسلامییەوە
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند: بەیاننامەکانی وڵاتانی ئیسلامی کە خوازیاری بە فەرمی ناسرانی قودس وەکوو پێتەختی وڵاتی فەلەستینن، شوێن لە سەر خۆی و ئیسرائیلییەکان دانانێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ٤٨ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆتایی دانیشتنە لوتکەییەکەی سەرکردەکانی ئەم ڕێکخراوەیە لە ئەستەوڵی تورکیا لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە ھەنگاوەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ ناساندنی بەیتولموقەددەس وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایونی ڕایانگەیاند: کۆمەڵگای جیھانیش دەبێ قودسی ڕۆژھەڵات وەکوو پێتەختی داگیرکراوی دەوڵەتی فەلەستین بە فەرمی بناسێت.
لە بەیاننامەکەی کۆبوونەوەی لوتکەیی سەرکردەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی ئیسلامی دا ھاتووە: ئەگەر بێتوو ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھیچ ھەنگاوێک لە بارەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە قودس ھەڵنەگرێت، ئەم دۆسیەیە ڕەوانەی کۆگەی گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە دەکەین.