پێشوازیی حەماس لە داواکاریی پارتی دەسەڵاتداری ئەفریقای باشووری بۆ کەم کردنی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل
وتەبێژی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامیی فەلەستین (حەماس) ڕێزی گرت لە داواکاری پارتی دەسەڵاتداری ئەفریقای باشوور بۆ کەمکردنی ئاستی نوێنەرایەتی دیپلۆماتیکی دەوڵەتی ئەم وڵاتە لەگەڵ ڕژێمی ئیسرائیل .
دوابەدوای بڕیاری دژە فەلەستینیی دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە قودس، پارتی دەسەڵاتداری "کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشووری" ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەک دا لە چوارچێوەی داکۆکی کردن لە گەلی ستەملێکراوی فەلەستین، داوای لە دەوڵەتی ئەم وڵاتە کرد ، خێراو بێ شەرت و مەرج پێوەندی دیپلۆماتیکی خۆی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە باڵوێزخانە دابەزێنێ بۆ ئاستی نووسینگەی پێوەندییەکان .
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی زانیاری گەیاندنی فەلەستین، فەوزی بەرهووم، وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس، وێڕای ڕێزگرتن لە پارتی دەسەڵاتداری ئەفریقای باشووری لەبەر داکۆکی کردن لە گەلی فەلەستین وتی : داواکاری ئەم پارتە هەنگاوێکی گرینگ لەڕێی گۆشەگیرکردنی ڕژێمی زایۆنیستی و ڕیسواکردنی تاوانکاری و سیاسەتەکانی ڕەگەز پەرەستانەی ئەم ڕژٍێمە داگیرکارەیە.
فەوزی بەرهووم هەروەها داوای پەرەسەندنی ئەم چەشنە هەوڵانەی کرد لە بواری بەرەنگار بوونەوەی سیاسەتەکانی زاڵمانەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە دژی گەلی فەلەستین و ناوچە و پیرۆزایەتییەکانیان .