وشداری یەمەنییەکان لە حاند ئەگەری داخستنی ڕێگای گەمیوانیی زەریای سوور
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەن لە وتووێژ لەگەڵ جێگری نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن وتی: بێتوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاران بە سەرکردایەتیی عەرەبستان هەروا بەردەوام بێ، ئێمەیش ڕێگای گەمیوانی نێودەوڵەتی لە زەریای سوور دادەخەین.
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەواڵیی ئەلمەسیرەی یەمەن؛ "ساڵح سەماد" ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژ لەگەل "موعین شەریم" بە ئاماژە بەوەی کە دەسدرێژکاران بە گەمییەکانیان لە کاتی تێپەڕین لە ئاوەکانی نزیک لێواری شارەکانی یەمەن، ئەم شارانە دەدەنە بەر پەلامار ، وتی: بێتوو ئەو گوشارانە و گەمارۆدانی خەڵکی یەمەن هەروا بەردەوام بێ، ئێمەیش پێشگری دەکەین بە هاتووچۆی گەمییەکان لە زەریای سووردا.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەن بە ڕەخنە لە دەوری نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندەکانی سەر بەم ڕێکخراوەیە سەبارەت بە قەیرانی یەمەن، وتی: نەتەوە یەکگرتووەکان دەورێکی هەستیار لەم بارەوە دەگێڕێ، بەڵام ئێمە دەوری نگەتیڤی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەمان هەست پێ کردووە کە ئەوەش بۆتە هۆی هیوابڕاویمان.
ناوبراو هیوای خواست کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە داهاتوودا بتوانێ دەوری ناوبژیوانێک بگێڕێ بۆ چارەسەر کرانی قەیرانی یەمەن.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا و لە سای بێدەنگە کردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن بە بیانووی گەڕاندنەوەی "عەبدوڕەبە مەنسوور هادی" سەرۆک کۆماری وازلە کارهێناوی ئەم وڵاتە بۆ سەر دەسەڵات، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە .
ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە 13 هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.