مانگرتنی گشتیی فەلەستینیان لە لێواری رۆژاوا و کەرتی غەززە
دەم و دەزگە خۆجێی و فەرمییەکانی فەلەستینیان لە لێواری رۆژاوای چۆمی ئۆردۆن و کەرتی غەززە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە سەفەری مایک پێنس یاریدەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچە، مانیان گرت.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی تەسنیم؛ پاش داوای گرووپە نیشتمانی و ئیسلامییەکانی فەلەستین لەمەڕ ئیدانەکردنی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ ئەو شارەو هەروەها بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە سەفەری مایک پێنس یاریدەری ترەمپ بۆ ناوچە، هەموو دەم و دەزگە خۆجێی و فەرمییەکانی فەلەستینیان جگە لە تەندروستی و پەروەردە لە لێواری ڕۆژاوا و کەرتی غەززە مانیان گرت.
دوابەدوای ئەو مانگرتنە، دوکانەکانی لێواری ڕۆژاوا و کەرتی غەززە داخراون و سەندیکاکانی گواستنەوەی فەلەستینیانیش جەختیان کردووە لەسەر پێبەندبوونیان بە مانگرتنەکە.
شارومەندانی فەلەستینی ڕۆژی ڕابردووش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە سەفەری یاریدەری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ فەلەستینی داگیرکراو، ئاڵای ئەمریکایان سووتاند.
لەهەمان کاتدا، لێژنەکانی موقاوەمەی فەلەستین ڕایگەیاند: سەفەری مایک پێنس بۆ قودسی داگیرکراو دەبێتەهۆ هەتا دوژمنایەتی ئەمریکا لەدژ پیرۆزایەتییەکان وئارمانجی فەلەستین، یەکانگیر ببێ . ئەو پێکهاتەیە هەروەها جەختی کرد لەسەر پێویستیی بەهێزکرانی یەکگرتوویی وموقاوەمە وەک ڕێگایەک بۆ بێ ئاکام کردنی پیلانگێڕییەکان لەدژ ئارمانجی فەلەستین.
سەفەری مایک پێنس بۆ ناوچە لە رۆژی هەینییەوە دەس پێ کرا. ناوبراو پاش میسر و ئۆردۆن سەردانی فەلەستینی داگیرکراوی کرد.