بەرپرسی یەمەنی: مووشەکی نوێی یەمەن ڕەوتی شەڕ دەگۆڕێ
یاریدەری بەرپرسی پەیوەندییە میدیاییەکانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی: بەزوویی لە مووشەکێکی نوێ پەردە لادەدرێ.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ شەممە هەواڵدەریی فارس، عەبدولقودس ئەلشهاری یاریدەری بەرپرسی پەیوەندییە میدیاییەکانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە دیمانە لەگەڵ سپۆتنیک وتی: لەوانەیە ئەو مووشەکە لە قۆناخی دواتردا، ڕەوتی شەڕ لە یەمەن دەگۆڕێ.
مانگی دیسەمبەری٢٠١٧یش سوپای یەمەن لە سیستەمی بەرگریی مووشەکیی نوێی ئەو وڵاتە پەردەی لادا.
عەبدولقودس ئەلشهاری وێڕای ڕەخنە گرتن لە دەوری ئیسماعیل وەلەد شێخ ئەحمەد، نوێنەری پێشووی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن وتی: ناوبراو زۆرتر لە نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی دەچوو، نەک کەسێکی بێلایەن و بەهەڵبژاردنی نوێنەرێکی نوێ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەکان لە یەمەن و نیشانەکانی دەسپێکرانی قۆناخێکی نوێ لە دانوستانەکانی عوممان، هیوای گۆڕانکاریی هەیە.
یاریدەری بەرپرسی پەیوەندییە میدیاییەکانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە وڵاتانی زلهێز لەسەر چارەسەریی قەیرانی یەمەن هەوڵ دەدەن هەتا ڕێکارگەلێژ بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە بدۆزنەوە، بەجۆرێک کە بەرژەوەندییەکانیان نەکەوێتە ژێرکارتێکەریی ، وتی: لەڕوانگەی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن ڕێکاری ئەو قەیرانە، یەمەنی-یەمەنی و بەدوور لە زەخت وگوشارە دەرەوەیی وناوچەییەکانە.