کۆنترۆڵ کرانەوەی پێگە گرینگەکانی چەکداران لە نێهێم و مەئریب لەلایەن هێزە یەمەنییەکان
هێزەکانی سوپای یەمەن و ئەنساروڵڵا لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا توانیان کۆنترۆڵی دەیان پێگەی گرینگی چەکدارانی لایەنگری حکومەتی لەکارکشاوەی ئەو وڵاتە لە نێهێم و مەئریب بگرنە دەست.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ شەممەی هەواڵدەریی فارس، سەرچاوەیەکی سەربازی سەربە سوپای یەمەن ڕایگەیاند: هێزەکانی سوپای یەمەن و ئەنساروڵڵا لە هەڵمەتێکی سەرکەوتووانەدا کە لەدوو شەو لەمەوبەرەوە دەستیان پێ کردووە ، توانیان بەتەواوەتی کۆنترۆڵی پێگەکانی عیدەی ڕۆژهەڵاتی و رۆژاوایی ، ئەلمەنساع و تەپۆلکەی عەیاش لەبەرەی نێهێم بگرنەدەست.
ئەو سەرچاوە وتی: سەرباری پاڵپشتیی ئاسمانی و تۆپخانەیی قورسی هاوپەیمانی سەعوودی، دەس وپێوەندییە چەکدارەکانی سەربە حکومەتی لەکارکشاوەی یەمەن لە بەرەوڕووبوونەوەی هێزەکانی سوپای یەمەن و ئەنساروڵڵا بێ ئاکام مان.
سەرچاوە سەربازییە مەیدانییەکانی یەمەنیش وتیان: هێزە یەمەنییەکان درێژەیان دا بە پێشڕەوییان بەرەو ناوچەی سەراوح لەپارێزگای مەئریب(ناوەندی یەمەن) و هێرش بۆسەر ناوچەکانی زیق و خانقیان دەس پێ کرد.
بەقسەی ئەو سەرچاوانە، هێزە یەمەنییەکان سەرلەبەیانی دوێنێ هەینی توانیان کۆنترۆڵی سی پێگە لە میحوەری نێهێم بگرنەدەست و هێڵی فریاگوزاریی لە جەبەل سەلب و حەریب نێهێم بپچڕێنن.
عەرەبستان بە پاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە، لە مارسی٢٠١٥وە هێرشی کردۆتەسەر یەمەن و پاشان ئەو وڵاتەی گەمارۆی زەوینی ، دەریایی و ئاسمانی داوە. شەڕخوازیی عەرەبستان لە یەمەن، کوژران و برینداربوونی دەیان هەزار یەمەنی لێکەوتووەتەوە.
هێزە یەمەنییەکانیش لەکاردانەوە بە پەلاماری دەسدرێژکاران، پێگەکانی رژیمی ئالی سەعوود و بەکرێگیراوانی لە یەمەن و لەناوخاکی عەرەبستان دەکەنە ئامانج.