بەرپرسێکی یەمەنی: پەسەندکرانی بڕیارنامەی ڕووسیا، شکست هێنانی دەسدرێژکاریی ئەمریکی-سەعوودییە
سەرۆکی لێژنەی باڵای ڕاپەڕینی یەمەن، پەسەندکرانی بڕیارنامەی پێشنیارکرای ڕووسیای بە شکستێکی سیاسی زانی بۆ دەسدرێژکارانی سەعوودی بۆسەر یەمەن.
ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان دوێنێ دووشەممە بۆ تاووتوێی ڕەشنووسەکانی دوو بڕیارنامە لەدژ یەمەن، کۆبۆوە.
ڕەشنووسی بڕیارنامەی یەکەم لەسەر پێشنیاری بەریتانیاو بەیارمەتی ئەمریکاو فەڕانسە، بەئامانجی لەگوشارنانی ئێران پاش بانگەشەکانی ناردنی چەکەمەنی بۆ یەمەن بوو کە لەلایەن ڕووسیاوە ڤیتۆکرا.
ڕەشنووسی بڕیارنامەی دووهەم لەسەر پێشنیاری ڕووسیا بەڵام تەنیا بۆ درێژکردنەوەی بایکۆتە چەکئامێرییەکانی یەمەن هەتا فێڤرییەی٢٠١٩ بوو کە بەدەنگی ئەرێی هەموو ئەندامانی هەمیشەیی و ناهەمیشەیی(١٥ئەندام) پەسەند کرا.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ سێ شەممەی هەواڵدەریی ئیرنا بەگێڕانەوە لە کەناڵی ئەلمەسیرە، محەممەد عەلی حوسی سەرۆکی لێژنەی باڵای ڕاپەڕینی یەمەن پەسەندکرانی بڕیارنامەی ڕووسیا لەبارەی وڵاتەکەی بە دەسپێکێکی نوێ زانی بۆ سڕینەوەی زاڵێتی خوازیی ئەمریکا بەسەر دۆسییەی یەمەندا و وتی: ئەو کردەیە لەکاتێکدا ڕووی دا کە وڵاتانی دەسدرێژکار باقی مووشەکە یەمەنییەکان کە سەعوودییەکان چواری نۆڤمبەر لەنزیک ڕیاز پێوشوێنیان گرت، بردە ئەمریکاو لە باڵوێزانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ بینینی بانگهێشت کرد و ڕاپۆرێکی ساختەیان ئامادە کرد کە سەرشۆڕی و بێ ئاکامییان بۆ مایەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێنجی نۆڤمبەری٢٠١٧ لەئیدیعایەکی بێ بنەمادا بەرپرسایەتی تێگرتنی مووشەک لە یەمەنەوە بۆ ڕیازی خستەئەستۆی ئێران.
ئەمریکاو عەرەبستان بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە تاوانکارییەکانیان لە یەمەن و زیادکردنی گوشاری سەر تاران، سوورن لەسەر ئەوەی ئەو مووشەکە چێکراوی ئێرانە.
حوسی هەروەها بەئاماژە بەوەی کە ئاشتی بە سەپاندنی سزای زیاتر و قورستر نایەتەدی، وتی: پەسەندکرانی بڕیارنامەی ڕووسیا ، ئەنجامی پڕشورەیی و سەرشۆڕانەی تاوانکاریی دەسدرێژکاران دەرهەق گەلی گەمارۆدراوی یەمەن بوو.