ئادار 13, 2018 20:51 Asia/Tehran
  • پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی سەعوودییا بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن

فڕۆکە جەنگییەکانی سەعوودییا ئەمڕۆ سێ شەممە بەشگەلێکی پارێزگای زوممار لەناوەندی یەمەنیان بۆردومان کرد.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی یەمەنیی ئەلمەسیرە، لەو بۆردومانەدا ، ناوەندی پۆلیسی شاری زومماریش بەتەواوەتی وێڕان بوو.

فڕۆکە شەڕکەرەکانی سەعوودییا هەروەها دووجار شاری سەراوح لە پارێزگای مەئریب(ناوەندی یەمەن) یان بۆردومان کرد. شاری ئەلمەسلوب لەپارێزگای جوف(باکووری یەمەن) یس کەوتە بەرپەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی سەعوودییا.

لەهەمان کاتدا، سەرچاوەیەکی سەربە سوپای یەمەن ڕایگەیاند؛ یەکەی تۆپخانەیی سوپای یەمەن، بنکەو پێگەی سەربازانی سەعوودی لەناوچەی ستراتژیکی "الاجاشیر"ی سەر بەپارێزگای جوفی تۆپباران کرد.

پێگەی سەربازانی سەعوودی لەپارێزگای نەجران(باشووری عەرەبستان) یش کەوتە بەرپەلاماری تۆپخانەیی سوپاو هێزە جەماوەرییەکانی یەمەن.

بەپێی ڕاپۆرەکان لەباشووری یەمەنیش، ئەمڕۆ سێ شەممە لە پەلامارێکی تەقینەوەیی لەپارێزگای عەدەن(باشووری یەمەن) شەش کەس کوژران و سی کەسیش بریندار بوون. لەو پەلامارەدا، ناوەندی دابین کردنی خۆراکی هێزی ئاسایشی کە لەلایەن ئیماراتی عەرەبی یەکگرتووەوە داکۆکی لێدەکرا، کرایە ئامانج. گرووپی تیرۆریستیی داۆش لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسایەتی ئەو پەلامارەی گرتە ئەستۆ.

سەرپەیڤ