ئادار 16, 2018 12:11 Asia/Tehran
  • محەممەدعەلی حووسی: ئەمریکا خەڵکی یەمەن قەڵاچۆ دەکا

محەممەد عەلی حوسی سەرۆکی لیژنەی باڵای ڕاپەڕینی یەمەن وتی: ئەمریکا لەدرێژەی هەڵس و کەوت و کردارو لێدوانی دژبەیەکی لەهەمبەر قەڵاچۆو کارەساتە مرۆیەکانی یەمەن هەروا بەردەوامیشە لە کوشتنی خەڵکی ئەو وڵاتە .

بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن، محەممەد عەلی حوسی سەرۆکی لیژنەی باڵای ڕاپەڕینی یەمەن دوێنێ پێنج شەممە لە توئیتەرەکەی بەئاماژە بە داکۆکیی فەرمیی ئەمریکا لە عەرەبستان لەکوشت و بڕی خەڵکی بێتاوانی یەمەن نووسی: مووشەکەکان لەڕێی فڕۆکە ئەمریکییەکانەوە دەخرێتەبەردەست عەرەبستان بۆ هێرش کردنەسەر یەمەن.

محەممەد عەلی حوسی وتی: ئەمریکییەکان بزانن یەمەنییەکان لەپیلانی وەیشومەی ئەوان بۆ کوشت و بڕی خەڵکی یەمەن ئاگادارن.

بەرلەوە، جێمز مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا خوازیاری درێژەی داکۆکیی کۆشکی سپی لە رژیمی ئالی سەعوود لەشەڕی یەمەن بوو.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، یەک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن کە نەیویست ناوی ئاشکرا ببێ، دوێشەو(پێنج شەممە) هەرچەشنە هەواڵی بڵاوکراوە لەبارەی دانوستانی نهێنی ئەو گرووپە لەگەڵ عەرەبستان لە مەسقەتی پایتەختی عەممانی بەرپەرچ دایەوەو وتی: محەممەد عەبدوسەلام وتەبێژی ئەنساروڵڵای یەمەن هیچ دیدار و دانوستانێکی شاراوەی لەگەڵ عەرەبستان نەبووە.

رۆیتەرز رۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند، دانوستانی نهێنی لەنێوان بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن وعەرەبستانی سەعوودی لەشاری مەسقەتی پایتەختی عەممان ئەنجام دەگرێ بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە دەسدرێژکاریی هاوپەیمانیی سەعوودی بۆسەر یەمەن.

عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئەمریکا لە٢٦ی مارسی٢٠١٥ـەوە هێرشی کردەسەر یەمەن و ئەو وڵاتەی گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی داوە.

شەڕخوازیی عەرەبستان لە یەمەن کوژران و برینداربوونی بەدەیان هەزار کەس وپەرتەوازەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.

زیاتر لەسەتا شەستی حەشیمەتی یەمەن لەقات و قڕی  و برسێتی ڕەنج دەبەن و نەخۆشی درمی وەک کولێرا ئەو وڵاتەی داگرتووە.

سەرپەیڤ