١٧ کوژراو لە ئەنجامی شاڵاوی فڕۆکەشەڕ کەرەکانی سەعودی بۆ سەر باکووری یەمەن
لە شاڵاوەکانی ڕۆژی پێنج شەممەی فڕۆکەشەڕ کەرەکانی ڕژێمی سەعودی بۆ سەر پارێزگای سەعدە لە باکووری یەمەن ١٧ کەسی سڤیل کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلعالەم، فڕۆکە شەڕکەرە سنوور بەزێنەکانی ڕژێمی سەعودی ھەروەھا ھەشت جار شارستانی ئەلجەڕاحی لە پارێزگای حەدیدەی ڕۆژئاوای یەمەنیان بوردومان کرد.
ھەواڵێکی تر لە یەمەنەوە دەربڕی ئەوەیە کە فڕۆکە شەڕکەرە سنوور بەزێنەکانی ڕژێمی ئالی سەعود سێ جار ناوچەی بەنی سیاحی شارستانی ڕازح لە پارێزگای سەعدەی یەمەنیان بوردومان کردووە.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ، ھێزەکانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن وێڕای پەلاماردانی بنکەوبارەگای بەکرێگیراوانی سەعودی لە ناوچەی مریس لە پارێزگای (زالیع)ی یەمەن ، زەبرێکی قورسیان لێ وەشاندوون.
کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلمەسیرەش باسی تێک شکێندرانی ترۆمبیلێکی بەکرێگیراوانی سەعودیی کردووە لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبایەک لە سەر ڕێگای ئەم ترۆمبیلە لە شارستانی مەسلوب لە پارێزگای (جوف)ی باکووری یەمەن.
شانەی ڕاگەیاندنی شەڕی یەمەنیش وێنەگەلێکی لە ھەڵمەتی ھێزەکانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بۆ سەر بنکەی سەربازیی (مەراش)ی ڕژێمی ئالی سەعود لە ناوچەی سەرسنووریی نەجرانی باشووری عەرەبستان و ھەڵاتنی تانک و تاکبەرو لەشکریانی سەعودیی بڵاو کردووەتەوە.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەو پشتیوانیی ئەمریکاو بریتانیاو فەرانسا لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.