ھاوێژرانی موشەکێک بەرەو مۆڵگەی لەشکریانی سەعودی لە باشووری عەرەبستان
یەکەی موشەک ھاوێژی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی ھەینی ڕ ایگەیاند:موشەکێکی کورتەبڕی بەدری یەکی گرتووەتە مۆڵگەی ھێزە تایبەتییەکانی عەرەبستان لە پارێزگای جیزانی باشووری ئەم وڵاتە.
بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، ئەمە دووھەمین موشەکی زەوی بۆ زەوییە کە سوپای یەمەن لەماوەی ٢٤کاژێری ڕابردوودا لە وەڵامی درێژەی شاڵاوەکانی بەکرێگیراوانی سەعودی بەرەو باشووری عەرەبستان دەیھاوێژێت.
یەکەی موشەک ھاوێژی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی پێنج شەممە دوای ئەوەی کە دامەزراوەی کۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی عەرەبستان (ئارامکۆ) لە پارێزگای نەجرانی باشووری عەرەبستانی دایە بەر موشەکی کورتەبڕی بەدری یەک ، باسی بەکارھێنانی ئەم سیستێمە موشەکییە خۆماڵییەی کرد بە مەبەستی بەربەرەکانێی دژی دەست درێژکاران.
یەکەی موشەک ھاوێژی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی سێ شەممەش توانی بووی بە موشەکی زەوی بۆ ئاسمان فڕۆکەیەکی شەڕکەرو سنووربەزێنی عەرەبستانی لە چەشنی ئێف پانزە لە ئاسمانی پارێزگای سەعدەی یەمەن بپێکێت.
توانایی و ئاستی بەرگریکارانەی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆدرانی ھەمەلایەنەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعودی ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەو پشتیوانیی ئەمریکاو بریتانیاو فەرانسا لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.