کوژرانی چوار منداڵ لە شاڵاوی فڕۆکەشەڕکەرەکانی سەعودی بۆ سەر سەعدەی یەمەن
لە ھێرشی ئاسمانیی فڕۆکەشەڕکەرە سنووربەزێنەکانی ڕژێمی سەعودی بۆ سەر پارێزگای سەعدعی باکووری یەمەن، چوار منداڵ کوژران و دەکەس لەوانە چەند ئافرەتیش بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم،فڕۆکەشەڕکەرە سنووربەزێنەکانی ڕژێمی عەرەبستانی سەعودی لە دوو نۆرەدا ھێرشیان کردە سەر شاری ڕازح لە پارێزگای سەعدەی باکووری یەمەن.
ھێزی ئاسمانیی یەمەن، ئەمڕۆ لە وەڵامی شاڵاوە بەردەوامەکانی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی دژی جەماوەری یەمەن، بە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە، فڕگەی ئەبھا لە عەسیری عەرەبستان و دامەزراوەی نەوتیی ئارامکۆ لە جیزانی دایە بەر پەلامار.
ژێدەرەکانی عەرەبستانی سەعودی دانیان بەوەدا ناوە کە، لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا ، ٣٣ کەس لە لەشکریانی سەعودی بە ھۆی ھێزەکانی یەمەنەوە کوژراون و دوانزە کەسیش لە بەرەکانی جازان، نەجران و عەسیر ھەڵکەوتوو لە باشووری عەرەبستان بریندار بوونە.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەوبە پاڵپشتیی ئەمریکا لە مارسی 2015 ەوە هێرشێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کرد هەتا لەم ڕێگایەوە بتوانێ عەبدڕەبە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەو هەڵاتوی یەمەن بگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەستەڵات کە لە ئەنجامی ئەم دەست درێژکارییە هەزاران شارومەندی بێ دەرەتانی یەمەنی گیانیان سپاردووەو ملوێنان کەسیش هەڵوەداو ئاوارە بوونە.
ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.
ھێزەکانی یەمەن لە کاردانەوە بەرامبەر بەو دڕندەکارییانەی دەست درێژکاران، بنکەو بارەگاکانی ڕژێمی ئالی سەعود و بەکرێگیراوانی لە یەمەن و نێوخۆی عەرەبستاندا دەدەنە بەر ھێرش و بەر پەلامار.