نیسان 19, 2018 13:57 Asia/Tehran
  • فڕۆکەخانەی جەیزانی عەرەبستان کەوتەبەر پەلاماری مووشەکی یەمەنی

یەکەی مووشەکیی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شەوی پێنجشەممە لە وەڵامی پەلامارە بێ بڕانەوەکانی عەرەبستان، بە مووشەکێکی بالستیکی مۆدیلی "بدری ١" فڕۆکەخانەی جەیزانی لە باشووری ڕۆژاوای عەرەبستان دایە بەر پەلامار.

بە پێی راپۆرتی ئیرنا؛ بە گێڕانەوە لە کەناڵی ئەلمەسیرە؛ ژێدەرێکی سەربازی یەمەنی تەقاندنی مووشەک لە یەمەنەوە بۆ نێو خاکی عەرەبستانی بە مافی ڕەوای خەڵکی یەمەن زانی بۆ ئەوەی بەرامبەر بە پەلاماری دەسدرێژکاران بەرگری لە خۆیان بکەن و وتیشی؛ یەکەی مووشەکیی یەمەن بە مەودای چەن کاژێر پێش ئەوەی لە فڕۆکەخانەی جەیزان بدات، مووشەکێکی بەدری ١"ی بەرەو هێزگەی کارەبای نەجران (ڕۆژاوای عەرەبستان) تەقاندبوو.

یازدەی ئاپریلیش مووشەکی بەدری ١ ی یەمەنییەکان چەن ئامانجێکی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عەرەبستان لەوان دام و  دەزگەی نەوتیی ئارامکۆ لە نەجران پێکابوو.

یەکەی مووشەکی و تۆپخانەی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی ڕابردوو بنکەی کۆبوونەوەی بەکرێگیراوانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودیان لە پارێزگای مەئاریب هەڵکەوتوو لە ناوەڕاستی ئەم وڵاتە دایە بەر پەلاماری بەربڵاوی خۆی.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا  لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەو ئۆپەراسیۆنە دەسدرێژکارانەیە سێ ساڵە دژ بە یەمەن بێ وچان درێژی هەیە. ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە 1٤ هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.

ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.

هێزە یەمەنییەکانیش لە کاردانەوە بە هێرشەکانی دەسدرێژکاران، بنکە و مەتەرێزی هێزەکانی ڕژێمی ئالی سەعود و بەکرێگیراوانی لە یەمەن و نێو خاکی عەرەبستان دەدەنە بەر پەلامار.

 

سەرپەیڤ