نیسان 25, 2018 18:08 Asia/Tehran
  • بەشداریی بەربڵاوی جەماوەری یەمەن لە ڕێپێوانی گەورەی ( چەکەکان )

ھەزاران کەس لە جەماوەری یەمەن لە وەڵامی داخوازیی (ساڵح سەماد) سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەن بۆ بەشداری کردن لە ڕێپێوانی ناسراو بە (ڕێپێوانی چەکەکان) ، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە گەییشتنە مەیدانی (ئەلعروز) ی شاری حەدیدە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ھەواڵدەریی فارس بەشدارانی چەک بەدەست لەم ڕێپێوانەدا لە حاڵێکدا کە وێنەی (ساڵح سەماد) سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەنیان پێ بوو، دژی ئەمریکاو عەرەبستان دروشمیان ھەڵدا.

(ساڵح سەماد) سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەن پێنج شەممەی ڕابردوو ٢٦ی ئاپریل بەرلە شەھید بوونی داوای لە خەڵکی پارێزگای حەدیدە کرد بوو کە بۆ بەرنگار بوونەوەی ھەرچەشنە سنوور بەزاندنێکی سەعودی لە گوێئاوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن، خۆپیشاندانێک بەناوی (ڕێپێوانی گەورەی چەکەکان ) بەڕێوە بەرن.

فڕۆکە شەڕکەرە سنووربەزێنەکانی سەعودی نیوەڕۆی ھەر ئەو ڕۆژە واتە پێنج شەممە ٢٦ی ئاپریل و چەند کاژێرێک دوای بانگێشتنی لە دانیشتووانی حەدیدە بۆ خۆپیشاندان ، ترۆمبیلەکەی ھەڵگری ساڵح سەمادیان دایەبەر پەلامارو تیرۆریان کرد.

ئەو کردارەی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی لەمەڕ (ساڵح سەماد) سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەن بەرەوڕووی ڕەخنەی توندی ناوچەکەو جیھاندا بووەوە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەو بە پشتیوانیی ئەمریکا لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

 

 

سەرپەیڤ