زەبری قورسی سوپای سووریا لە داعش لە باشووری دیمەشق
ناوەندی ناسراو بە چاودێری مافی مرۆڤی سووریا کە ناوەندەکەی لە لەندەنە ڕایگەیاند : ٤٩ ئەندامی گرووپی تیرۆریستیی تەکفیریی داعش لەئاکامی شەڕو پێکدادانیان لەگەل سوپای سووریا لە باشووری دیمەشق کوژراون .
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ ئەم ناوەندەی سەر بە نەیارانی سووریایی شەوی پێنجشەممە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: تیرۆریستانی داعش لە شەڕ و پێکدادان لەگەل سوپای سووریا لە ئۆردوگای یەرمووک و گەڕەکی "حەجەرولئەسوەد"ی دیمەشق کوژراون.
پەلاماری ئاسمانی و زەوینیی هێزەکانی سوپای سووریا و بەرەی خۆڕاگری بۆ سەر بنکە و مەتەرێزی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش و بەرەی تەحریروشام (بەرەی نوسرە) لە حەجەرولئەسوەد و ئۆردوگای یەرمووک لە باشووری دیمەشقی پێتەختی سووریا ئێستایش هەر بەردەوامە.
پەلامارەکانی هێزەکانی سوپای سووریا و بەرەی خۆڕاگری پاش بێ ئاکام مانەوەی دانوستانەکان لەمەڕ چوونەدەری گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەی حەجەرولئەسوەد و ئۆردوگای یەرمووک لە باشووری دیمەشق لە ١٠ ڕۆژ لەمەوبەرەوە دەست پێ بووە.
ناوچەی حەجەرولئەسوەد و ئۆردوگای یەرمووک لە باشووری دیمەشق ئێستاکە بە تەواوەتی لە لایەن سوپای سووریا و هێزەکانی بەرەی خۆراگری گەرمارۆ دراوە.
پەلاماری سوپای سووریا و بەرەی خۆڕاگری بۆ سەر بنکە و مەتەرێزەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوو، بۆتە هۆی ڕزگار کردنی گەڕەکی "ئەزەین" لە نێوان دوو شارۆچکەی "یەلدا" و حەجەرولئەسوەد" لە پارێزگای ڕیف دیمەش.
پاش وەدەرنرانی تیرۆریستان لە ناوچەی ستراتژکی غوتەی ڕۆژهەڵات، سوپای سووریا ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا تا تیرۆریستانی سەقامگیر لە باشووری پێتەختیش وەدەر نێت.