ئەمریکا لەحاڵی تاقیکردنەوەی چەکی نوێ لەسەر کەسانی سیڤیلی یەمەنییە
مەحەممەد عەلی ئەلحوسی سەرۆکی لێژنەی باڵای ڕاپەڕینی یەمەن، پێی داگرت: لێدوانەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەبارەی ئامادەبوونی هێزە ئەمریکییەکان لەسنوورەکانی یەمەن و عەرەبستان دەیسەلمێنێ کە ئەمریکا خەڵکی یەمەن دەکوژێ و هاوبەشی دەسدرێژکاریی سەعوودییەکان بۆسەر یەمەنە.
پاش سەردەمانێک هەوڵدانی بەنهێنی واشنگتۆن بۆ هاوبەشی لەشەڕی دژ بەیەمەن، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بۆ یەکەمجار لەکاتی دەسپێکرانی پەلامارەکانی عەرەبستان بۆسەر یەمەن، دانی بەوەدانا کە هێزە ئەمریکییەکان ڕاستەوخۆ لەهێرش بۆسەر یەمەن هاوبەشن و یەکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەهێرش بۆسەر هەمارە مووشەکییەکانی یەمەن، هاوکاریی فڕۆکە جەنگییەکانی عەرەبستان دەکەن.
عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لەسێ ساڵ لەمەوبەرەوە، دەستی کردووە بە دەسدرێژکاریی سەربازی بۆسەر یەمەن و گەمارۆی زەوینی، دەریایی وئاسمانیی ئەو وڵاتە. ئەمریکا نەک هەر تەگەرەدەخاتە بەردەم ڕەوتی چارەسەریی قەیرانی یەمەن بەڵکوو لەواری مەیدانیش بەتەیارکردنی عەرەبستان بە چەکی پشێکەوتەو هەروەها کوشتاری بەکۆمەڵ بەکردەوە هاوبەشە لەتاوانکارییەکانی عەرەبستان و بەکرێگیراوانی ئالی سەعوود واتە عەبد ڕەببە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەی یەمەن.
ئەمریکا بەدرێژەدان بە کەڵک وەرگرتنی ناڕەوا لە بارودۆخی یەمەن ، سیاسەتی دەسوەردەرانەو جم و جۆڵی سەربازیی زیاتری لەو وڵاتە، پێوشوێن گرتووە. لەچەند مانگی ڕابردوودا هەواڵ و ڕاپۆرگەلێک لەمەڕ جم و جۆڵی سەربازیی ڕاستەوخۆی زیاتری ئەمریکا لەیەمەن بڵاوبۆتەوە کە چوونەسەری ژماری کوژراو وبرینداری ئەو جم و جۆڵانەی لێکەوتووەتەوە.
رۆژنامەی ئیتالی ئیل جۆرنالە لەوتارێکدا بەئاماژە بە کارەساتەکانی شەڕ لەیەمەن نووسی: ئەمریکا لەحاڵی تاقیکردنەوەی چەکەمەنی نوێ لەسەر کەسانی سیڤیلی یەمەنییە. ئیل جۆرنالە نووسی: شەڕ لەیەمەن کە یەک لە خرابترین کارەساتە مرۆییەکان لەجیهان دێتەئەژمار، بووەتە هۆی چوونەسەری دەکارگرتنی چەکی لەیزری و لەو شەڕەدا کردەوەی جۆراوجۆری هێرشبەرانەی ئەو چەکئامێرانە لەلایەن سەربازانی ئەمریکی تاقی دەکرێتەوە.
کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلمەیادینیش لە ڕاپۆرێکدا لەلایەن ئەحمەد عەبدوڵڵا پەیامنێری ئەو کەناڵە بەئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی یەمەن پێی داگرت: دەسوەردانی ڕاستەوخۆی سەربازیی ئەمریکا لە یەمەن تەنیا ڕەنج و مەینەت کێشانی زۆری خەڵکی یەمەنی زیادتر کردووە.
ئەوە لەبارودۆخێکدایە کە کردەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ دروست کردنی پێگەی سەربازی لە ناوچەی ستراتژیکی یەمەن لەنزیک گەرووی بابولمەندەب سەلمێنەری خۆتەیارکردنی ئەمریکا بۆ ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سەربازی لە یەمەن و ڕەهەندە مەترسیدارەکانی وەک کردەی سەرەڕۆیانەی ئەمریکا لەئاستی نێودەوڵەتی و پێشێلکرانی سەروەریی وڵاتان دێتەئەژمار.
پیلانی ئەمریکا لەدژ خەڵکی یەمەن بەپێشێلکرانی سەروەریی ئەو وڵاتەو دەسوەردانی راستەوخۆ وناڕاستەوخۆی سەربازیی ئەمریکا لە یەمەن بەرتەسک نەبووەتەوەو جیهانیان شایەتی پیلانگێڕیی سیاسی ئەو وڵاتە لەدژ یەمەنن بەئامانجی خستنەباری ناهێمنانەو بلاتەکلیفیی سیاسی ئەو وڵاتە. بەگشتی دەسوەردانی زیاتری ئەمریکا لەیەمەن هاوپێوەندە بە شکستەکانی عەرەبستان لەشەڕی یەمەن. شەڕخوازیی عەرەبستان لە یەمەن شەڕێکی بەوەکالەت لەلایەن ئەمریکاوە دێتەئەژمار. بەڵام شکستی عەرەبستان لەو شەڕە بەکردەوە هەموو گەڵاڵەکانی ئەمریکا بۆ بەرەوپێش بردنی تەماحکارییەکانی لەڕێی عەرەبستان لەیەمەنی بەفیڕۆدا . عەرەبستان لەشەڕی یەمەن گەیشتووەتە بنبەست چونکە دەریخست کە تەرخان کرانی ساڵانە بەملیاران دۆلار بۆ کڕینی چەکەمەنی و شەڕئامێرەکان و بەرزکردنەوەی توانای سەربازی نەک بۆ دابین کردنی ئاسایشی نیشتمانی کە بۆ گۆڕینی یەمەن، عێراق و سووریا بەمەیدانی تاقیکردنەوەی چەکئامێرە ئەمریکییەکان و بردنەپێشی تەماحکارییەکانی ئەمریکا لەناوچەیە. ئەو پرسە پێشاندەری ڕێککەوتنی ژێربەژێری ئەمریکاو عەرەبستان لە کوشتاری هەرچی زیاتری خەڵکی یەمەنە.