موحەممەد عەلی حوسی : حەدیدە دەبێتە گۆڕستانی دەست درێژکاران
سەرۆکی لێژنەی باڵای شۆڕشی یەمەن ڕایگەیاند: هێڵی کەناراویی حەدیدە دەبێتە گۆڕستانی دەست درێژکاران .
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس ، موحەممەد عەلی حوسی سەرۆکی لێژنەی باڵای شۆڕشی یەمەن لە پەیجی توییتێڕەکەی دا ڕوو لە دەست درێژکارانی هاوپەیمانیی سەعودی نووسی: هەر بەوجۆرەی کە لە پەلاماردانی «حیس»، «الخوخة»، «نهم»، «خالد»و تەواوی ئەو بەرەگەلەی کە هەوڵتان دا پێشڕەوییان تیادا بکەن، شکستتان هێنا، پێشڕەوی لە هێڵی کەناراوی حەدیدەیش بۆ دەست درێژکاران و بەکرێگیراوان دروست بوونی گۆڕێکی بەکۆمەڵی لێ دەکەوێتەوە.
هێزەکانی سەعودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لە مانگێک لەمەوپێشەوە هێرشێکیان بەمەبەستی داگیرکردنی بەندەری حەدیدە دەست پێ کردووە.
هێزەکانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن دوێنێ چوارشەممە، چەندین ناوچەو بنکەی ستراتژیایی و مەزرای لە پارێزگای حەدیدە لە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە لە دەست درێژکارانی سەعودی و ئیماراتی و بەکرێگیراوەکانیان سەندەوەو یەکەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەنیش لە هەڵمەتێک دا لە بەرەی کەناراوەکانی ڕۆژئاوا توانییان سیستێمی بەرپەرچ دانەوەی ئاسمانی، ژوورەکانی سەرکردایەتی و بینۆگەی هاوپەیمانیی دەست درێژکاران و بەکرێگیراوانیان لەنێو بەرن.
ڕێکخراوەی نەتەوەکان نیگەرانیی دەربڕیوە لە کاریگەریی شیمانەیی پێکدادانی سەربازی لە بەندەری حەدیدە وەکوو سەرەکی ترین ڕێگای ناردرانی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بۆ یەمەن ، چونکو نزیکەی لەسەدا حەفتای ئەو یارمەتییە مرۆڤ دۆستانەیەی کە ڕەوانەی یەمەن دەکرێت بە بەندەری حەدیدەدا تێ دەپەڕێت.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە بتوانێ عەبدڕەبەمەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەو هەڵاتووی یەمەن بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەستەڵات کە ئەم شاڵاوانە کاول بوونی یەمەن و قەڵاچۆی هەزاران مرۆڤی بێ دەرەتان بەولاوە هیچ ئەنجامێکی دیکەی بۆ ڕژێمی سەعودی بەدواوە نەبووە.
ڕژێمی سەعودی و هاوپەیمانەکانی هەتا ئێستا لە بەر بەرخۆدانی جەماوەری یەمەن بە هیچکام لەو ئامانجانەی خۆیان لەو وڵاتەدا نەگەییشتوون .
هێزەکانی یەمەنی لە کاردانەوە بەرامبەر بە شاڵاوی دەست درێژکاران ، بنکەو مەتەرێزەکانی ڕژێمی ئالی سەعودو بەکرێگیراوانیان لە یەمەن و نێو خاکی عەرەبستان دا دەدەنە بەر پەلامار.