ئەنساروڵڵای یەمەن و پێداگرتنی لەسەر پێویستیی چوونەدەری بیانیەکان لەو وڵاتە
"مەهدی ئەلمەشات" سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕامیاریی یەمەن لەدیدار لەگەڵ "مارتین گریفیتس"ی نێردراوی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری ئەو وڵاتە، وتی: چوونەدەری بیانیەکان لە یەمەن پێویستە لەهەر بەڵگەیەک دا کە لە دانوستانەکانی داهاتوودا دەخرێتەڕوو تۆمار بکرێ.
بەپێی راپۆری کەناڵی ئەلمەیادین، ئەلمەشات دوێنێ دووشەممە لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: هاوپەیمانیی دەسدرێژکار بۆسەر یەمەن سەرباری شەهیدکردنی "ساڵح سەماد" ئەندامی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵاو سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەن و ئەنجامدانی تاوانی زۆر دەرهەق شارومەندانی مەدەنیی یەمەن ، لە ڕاگرتنی پەلامارەکانی جیددی نییە. ناوبراو ڕوو لە گریفیتس وتی: هیوادارم ئەنجامی ئەو سەفەر و چاوپێکەوتنە، کرانەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعاو درانی مووچەی فەرمانبەرانی یەمەنی بێ و بەگەیشتنی یارمەتیی پزشکی و دەرمانییەکان، ئێش و ئازاری نەخۆشان، کەم بکرێ.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەن پێی داگرت: هەربەوجۆرەی کە دەستی ئێمە لەسەر چەخماخەیە بۆ بەرەڤانی لە خەڵک و وڵات، لەهەمان کاتدا دەستمان بەرەو ئاشتەوایی ڕادەکێشین و ڕێکخراوی نەتەوەکان دەبێ بەرپرسایەتییەکانی لەهەمبەر خەڵکی یەمەن و هەوڵدان بۆ کەم کردنی ئێش و مەینەتیان جێ بەجێ بکات.
دەسدرێژکاریی سەربازیی عەرەبستان بۆسەر یەمەن تائێستا کوژرانی زیاتر لە١٤هەزار یەمەنیی بێتاوان و وێرانبوونی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە. ساڵح سەماد ئەندامی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵاو سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەنیش لە١٩ی ئاڤریلی٢٠١٨ لەهێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی عەرەبستان بۆسەر یەمەن، شەهید کرا.