فڕۆکەشەڕکەرەکانی عەرەبستان حودەیدەیان بوردومان کرد
فڕۆکەشەڕکەرەکانی ڕژێمی عەرەبستان سەعودی شەوی یەکشەممە چەندین جار ناوچە مەدەنییەکانی باشووری پارێزگای حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەنیان بوردومان کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ھێشتا ھیچ ڕاپۆرتێک لە بارەی ڕادەی زیانی گیانی و ماڵیی ئەم ھێرشانە بڵاو نەبووەتەوە.
فڕۆکەشەڕکەرەکانی ڕژێمی عەرەبستان سەعودی شەوی شەممەش چەندین جار ناوچە جۆربەجۆرەکانی حودەیدەیان بوردومان کرد.
لەم ھێرشانەدا لانیکەم دوو مەسی سڤیل کوژران و ٢٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی لە چوارشەممەی ڕابردوو سیانزەی ژوئەنەوە ھێرشێکی بەربڵاوی بە مەبەستی داگیر کردنی بەندەری خودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن دەست پێ کردووە.
بەندەری حودەیدە سەرەکی ترین ڕێگای ناردرانی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانەیە بۆ یەمەن.
ڕێکخراوەی نەتەوەکان لەم دواییەدا ڕایگەیاندووە لە بارەی ئەو ئاڵ و گۆڕانەی کە لە بەندەری حودەیدەی یەمەن ڕوو دەدەن نیگەرانە. ئەم ڕێکخراوەیە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووش لەگەڵ بەردەوامى هێرشەکانى هاوپەیمانى عەرەبی بۆ کۆنترۆڵکردنى شارى حودەیدە لە ڕۆژئاواى یەمەن، داوای کرد کە بەندەرى ستراتیژىی شارەکە بەکراوەیى بمێنێتەوە و دانەخرێت چونکو رێرەوى سەرەکییە بۆ گەیاندنى هاوکاری خۆراکى و مرۆیی بۆ ئەم وڵاتە.
ئەندامانى ئەنجومەنى ئاسایشى ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش لە کۆبوونەوەیەکدا کە رۆژى پێنجشەممە لەسەر داواى بەریتانیا بەڕێوەچوو، کۆدەنگ بوون لەسەر مانەوەى بەندەرى حودەیدە بەکراوەیی.
هەروەها جەختیشیان کردەوە کە پشتگیرى هەوڵە دیبلۆماسیەکانى نێردەى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بۆ کاروبارى یەمەن.
هاوکات سوییدیش داوای کردووە، دەستبەجێ هێرشکردنە سەر حودەیدە رابگیرێت و هەلى گفتوگۆکردن برەخسێنرێت بۆ کشانەوەى لایەنەکانی شەڕ لە شارەکە.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ، باڵیۆزى ڕوسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاندووە، وڵاتانى ئەندام لە ئەنجومەنى ئاسایشت نیگەرانن لەو مەترسییە مرۆڤییانەى کە پێدەچێت لە حودەیدە رووبدەن.