کوژران و برینداربوونی کەسانی سیڤیلی یەمەنی لەهێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی سەعوودی
بەهۆی پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی بۆسەر ناوچە ئاوەدانەکانی شاری"عمران" لەپارێزگای سەنعا(پایتەختی یەمەن) بیست و چوار شارومەندی یەمەنی کوژران و بریندار بوون کە زۆربەیان ژن ومنداڵن.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن بەگێڕانەوە لە ئەلمەسیرە، عەبدولقادر مورتەزا سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی کاروباری یەخسیران لە یەمەنیش ڕایگەیاند: لەڕەوتی گۆڕینەوەی دیل و یەخسیران لەنێوان سوپاو لیژنە جەماوەرییەکانی یەمەن لەگەڵ هێزەکانی سەربە عەبد ڕەببە مەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوە لە لێوارە ڕۆژاواییەکان، چل کەس لە یەخسیرانی هێزەکانی حکومەتی لەکارکشاوە لەبەرامبەر ئازادکرانی حەفتاو چوار کەس لە دیلەکانی سوپاو لیژنە جەماوەریەکانی یەمەن ئازاد کران.
بەپێی هەواڵێکی دیکە، لەبیست و سێ ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی سوپاو لیژنە جەماوەریەکانی یەمەن، پاپۆڕێکی ئیماراتی و ٣٣١ ئۆتۆمبیلی جەنگی و کەرەستەکانیان لە لێوارەکانی حۆدەیدە تێکشکاند.
سوپای یەمەن هەروەها لەوماوەدا زیاتر لە١٣٠٠بەکرێگیراوی سەعوودی لەوان، فەرماندەرەکانیان کوشت.
عەرەبستانیش هەواڵی کوژرانی سێ سەربازی خۆی لەسنووری لەگەڵ یەمەن پشت ڕاست کردۆتەوە.
عەرەبستان بە پاڵپشتی ئەمریکاو چەند وڵاتی عەرەب لەمارسی٢٠١٥ـەوە بەبیانووی گەڕاندنەوەی عەبد ڕەببەمەنسور هادی سەرۆک کۆماری لەکارکشاوەی یەمەن بۆسەر دەسەڵات، هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە.
لەو پەلامارانەدا تائێستا دەیان هەزار یەمەنی کوژراون، بریندار و ئاوارە بوون.