ئەنساروڵڵای یەمەن: خەڵکی یەمەن بەرەوڕووی مەترسیدارترین هاوپەیمانیی جیهان دەبنەوە
وتەبێژی ئەنساروڵڵای یەمەن لەکاردانەوە بە گونجێندرانی ناوی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتی عەرەبستان لەلیستی ڕەشی ڕێکخراوی نەتەوەکان، وتی: خەڵکی یەمەن لەگەڵ دڕندەترین هاوپەیمانیی جیهان لەشەڕدایە.
بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی ئەلمەسیرە، محەممەد عەبدوسەلام دوێشەو(سێ شەممە) وتی: خۆڕاگریی گەلی یەمەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیدارترین هاوپەیمانییەک کە شەڕخوازانی جیهان تێیدا ئەندامن، کارتێکەریی ستراتژیکی دەبێ لەسەر گشت ناوچەکە.
ناوبراو هەروەها وتی: ناوچەو جیهان، پەسنی خەڵکی یەمەن دەدەن لەبەر ئەوەی ئەوانیان لەچنگ هاوپەیمانیی هاوبەشی سەعوودی-زایۆنی -ئەمریکی دوورڕاگرتووە.
ڕێکخراوی نەتەوەکان لەڕاپۆرێکدا ڕایگەیاند کە هاوپەیمانیی سەعوودی مافی منداڵان لە ناوچەکانی تێوەگلاوی شەڕ لە یەمەن بەزاندووە. لەڕاپۆری ڕێکخراوی نەتەوەکاندا ئاماژە کراوە بە کوژران وبرینداربوونی هەزار و٣٠٠منداڵی یەمەنی کە زۆربەیان قوربانی پەلامارە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانیی سەعوودین.
بەپێی ئەو ڕاپۆرە، هاوپەیمانی سەعوودی بەرپرسی کوژرانی ٣٦٨ منداڵن لە شەڕی یەمەندا.