ته‌مووز 26, 2018 10:10 Asia/Tehran
  • وەبەر پەلامار کەوتنی دووەم گەمیی سەربازیی سەعوودی لە قەراخ ئاوەکانی یەمەن

هێزی دەریایی یەمەن رایگەیاند: دووەم گەمیی جەنگیی هاوپەیمانیی سەعوودی لە حودەیدەی هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای یەمەن داوەتەوە بەر پەلامار.

بە پێی راپۆرتی شەوی ڕابردوویی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەلمەیادین؛ هێزی دەریایی یەمەن لە کەمتر لە ٢٤ کاژێردا توانی گەمییەکی دیکەی هاوپەیمانیی سەعوودیی لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوای ئەم وڵاتە بپێکێ.

هێزی دەریایی یەمەن رایگەیاند: ئەو پاپۆڕە سەعوودییە تیاچووە و هەموو سەرنشینەکانیشی کوژراون.

پێشتر هێزی دەریایی سوپای یەمەن ڕۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو: گەمیی "دەمام"ی کە سەر بە هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی  بووە لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوای ئەم وڵاتە پێکاوە.

هاوپەیمانیی سەعوودی بە دان نان بە وەبەر پەلامار کەوتنی گەمییەکەی ئەم وڵاتە لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوای یەمەن دا بانگەشەی کرد، ئەو گەمییەی وەبەر پەلاماری هێزەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن کەوتووە، نەوتهەڵگر بووە و زەبرێکی زۆر کەمی لێکەوتووە.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا و چەن وڵاتی عەرەبی لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە بیانووی گەڕاندنەوەی "عەبدوڕەبە مەسنوور هادی" سەرۆک کۆماری واز لەکار هێناوی یەمەن بۆ سەر دەسەڵات، پەلاماری ئەم وڵاتەیان داوە بەڵام تا ئێستا وێڕای هەموو پەلامارە ئاسمانییەکان و گەمارۆ درانی هەمەلایەنەی یەمەن، لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی ئەم وڵاتە نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لە یەمەندا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.

شایانی باسە ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە  چواردە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنیی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەوان کۆلێرا لەم وڵاتەدا.

سەرپەیڤ