ڕەخنەی ئەنساروڵڵا لە قەرز وەرگرتنی دەوڵەتی لەکارکشاوەی یەمەن لە بانکی نێونەتەوەیی
سەرۆکی لێژنەی باڵای شۆڕشی یەمەن لە قەرزویستنی دەوڵەتی لەکارکشاوەی ئەم وڵاتە لە بانکی نێونەتەوەیی ڕەخنەی گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی بنکەی ھەواڵدەریی ( شەھارە نێت) موحەممەد عەلی حوسی سەرۆکی لێژنەی باڵای شۆڕشی یەمەن لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە کردەوەکەی دەوڵەتی سەربە عەبد ڕەببە مەنسوورھادی سەرۆک کۆماری لەکار کشاوەی ئەم وڵاتە کە بە بیانووی دانی موچەی کارمەندان سێ ملیارد دۆلار پارەی لە بانکی نێونەتەوەیی وەرگرتووە، پێی داگرت: گەلی یەمەن پێویستی بە قەرزکردن لە بانکی نێونەتەوەیی نییە.
حوسی وێڕای ئاماژە کردن بە پێویستیی گەڕاندنەوەی تەواوی داھاتەکانی خەڵکی یەمەن کە لەژێر دەستی بەکرێگیراوانی سەربە دەوڵەتی لەکار کشاوەی یەمەنە بۆ بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی لە سەنعا، بەڵێنی دا کە موچەی کارمەندانی دەوڵەت دەدرێت، بەو مەرجەی بانکی ناوەندی لە عەدەنی لە باشووری یەمەنەوە بگەڕێتەوە بۆ پێتەخت و چالاکییەکانی لە سەنعا بەردەوام کات.
ئەم بەرپرسە یەمەنییە لە پەیجی توییتێڕەکەی دا وێڕای دڕدۆنگی دەربڕینی لە شێوازی خەرج کرانی ئەو قەرزەی کە دەوڵەتی لەکارکشاوەی یەمەن بە بیانووی دانی موچەی کارمەندان لە بانکی نێونەتەوەیی داوای کردووە، ڕایگەیاند: دوور نییە کە دەنگۆی قەرز کردن بەس لەئاراستەی ھەڵگرتنەوەی زیاتری پارە بەمەبەستی کڕینی دۆلار بۆ بەکرێگیراوان بێت.
دەوڵەتی لەکارکشاوەی یەمەن کە لەڕیازدا جێگیرە، لە ساڵی ٢٠١٦ بە مەبەستی بەربەرەکانێی دژی ئەنساروڵڵاو دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتیمانی، بانکی ناوەندیی یەمەنی لە سەنعاوە گواستەوە بۆ عەدەنی باشووری ئەم وڵاتە کە لەژێر ڕکێفی بەکرێگیراوانی سەعودی و میرنشینەیەکگرتووە عەرەبییەکاندایە.
لە ئەنجامی هێرشەکانی عەرەبستان بۆ سەر یەمەن کە لە مارسی دووهەزارو پانزدەوه دەستی پێ کراوە پتر لە یانزە هەزار کەسی سڤیل کوژراون و ملوێنان شارومەندی یەمەنیش هەڵوەداو ئاوارە بوونە. ئەم شاڵاوانە هەروەها زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە سەرەکییەکانی یەمەن لەوانە ناوەندەکانی تەندروستی و دەرمان وەشاندووە.