ئه‌یلوول 05, 2018 16:36 Asia/Tehran
  • کوژراو بریندار بوونی ژمارێک لە بەکرێگیراوانی دەسدرێژکاری سەعوودی لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوای یەمەن

هێزەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بنکە و مەتەرێزەکانی بەکرێگیراوانی سەعوودییان لە ناوچەی «الجاح» لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوادا دایە بەر پەلامار کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا ژمارێک لە بەکرێگیراوانی سەعوودی کوژراو و بریندار بوون و چەن ئۆتۆمبیلێکیشیان تیاچوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران بە گێڕانەوە لە تەلەڤزیۆنی ئەلمەیادین؛ هێزە یەمەنییەکانی هەروەها هێرشیان کردە سەر بنکە و مەتەرێزی بەکرێگیراوانی سەعوودی لە دەڤەری ناوچەی «الجبلیه» لە قەراخ ئاوەکانی ڕۆژاوا و توانیان ژمارێک لە بەکرێگیراوانی سەعوودی بکوژن و ژمارێکی زیاتریشیان بریندار بوون.

چوار سەربازی سەعوودیش لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن لە بەرەکانی باشووری ئەم وڵاتە کوژران.

یەکەی نیشانەپێکی هێزەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەنیش ڕایگەیاند؛ ژماری کوژراوانی سەر بە "عەبدوڕەبە مەنسوور هادی" سەرۆک کۆماری وازلەکارهێناوی یەمەن لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوو گەیشتۆتە ٩٥ کەس.

یەکەی نیشانەپێکی هێزەکانی سوپای یەمەن هەروەها ڕایگەیاند؛ مانگی ئوتی ئەمساڵ ، ٧٥٢ ئۆپەراسیۆنی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی یەمەن ئەنجام داوە.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە  چواردە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.

ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.

 

 

سەرپەیڤ