ئەنساروڵڵای یەمەن جارێکی تر لەسەر بەشداری کردن لە وتووێژەکانی ژنێڤ پێداگریی کرد
ئەندامی نووسینگەی سیاسیی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لەسەر ئامادەیی شاندی سەنعا بۆ ڕۆیشتن بەرەو ژنێڤ بەمەبەستی بەشداریکردن لە وتووێژەکان پێداگری کرد و وتی : هەڵوێستی ئەم بزووتنەوەیە سەبارەت بە وتووێژی سیاسی، نەگۆڕاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی شەوی هەینیی ئیرنا، زەیفوڵڵا شامی، ئەندامی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی : ڕێکخراوی نەتەوەکان دەبێ ئاسایشی فڕۆکەی عومانی بۆ گواستنەوەی شاندی یەمەن بۆ مەسقەت دابین بکات ودرێژەی سەفەری شاندەکە لەوێوە بۆ ژنێڤ دەستەبەر بکات.
شامی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی دەستدرێژکار بە سەرکردەیی عەرەبستانی بە کارشکێنی لە پێوەندی لەگەڵ سەفەری شاندی سەنعا بۆ ژنێڤ تۆمەتبار کرد و ڕێکخراوی نەتەوەکانیشی بە کەمتەرخەمی لەمبارەوە تۆمەتبار کرد .
هەرلەم حاڵەدا ، وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ڕزگاری نیشتیمانیی یەمەن ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند دوای ئەنجام درانی هەموو هەوڵەکان و هەماهەنگییەکان لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەکان و ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە وتووێژەکان، هاوپەیمانیی سعودی مۆڵەتی نیشتنەوەی فڕۆکەی عومانی بۆ گواستنەوەی شاندی ئەنساروڵڵای دەر نەکردووە .
ڕێکخراوی نەتەوەکان شەوی پێنج شەممە ڕایگەیاند وتووێژەکانی ژنێڤ لەنێوان لایەنەکانی یەمەنی کە بڕیار بوو ڕۆژی پێنج شەممە دەست پێ بکرێت دوا کەوتووە.
مارتین گریفیتس نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە کاروباری یەمەن مانگی ئووت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە لایەنەکانی بەشداری شەڕی دژی یەمەن بۆ ئەنجامدانی وتووێژی شەشەمی سپتەمبەر لە ژنێڤی سویس بانگێشتنی کرد .
وتووێژی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی یەمەن تائێستا بەجاران لەبەر کارشکێنیی عەرەبستانی سعودی، بەرەوڕووی شکست بووەتەوە.