کوژرانی پێنج یەمەنی لە پەلامارەکانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی بۆسەر مەئریب
پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی بۆسەر پارێزگای مەئریب لەباکووری ڕۆژهەڵاتی سەنعا کوژرانی پێنج کەس لە خەڵکی سیڤیلی یەمەنی لەوان، سێ ژنی لێکەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فارس بەگێڕانەوە لە کەناڵی ئەلمەسیرە، ئەو پەلامارە دوێنێ هەینی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی سەعوودی بۆسەر ناوچەی "التطلس" ی شاری سەراوح لەپارێزگای مەئریب ئەنجامی گرت.
بەقسەی سەرچاوە خۆجێیەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی دەسدرێژکاری سەعوودی سێ ژنیان کردەئامانج لەکاتی ئەنجامدانی هەڵمەتی فریاگوزاری و رزگارکردنی دوو یەمەنی دیکە کە کەوتبوونە بەر پەلاماری ئاسمانی لە پارێزگای مەئریب.
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن چەند پێگەی بەکرێگیراوانی سەعوودیان لە ناوچەی "کرش" لە پارێزگای "لحج" لەباشووری ئەو وڵاتە کردە ئامانج و خەساری قورسیان لەدوژمن دا.
عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئیمارات، ئەمریکاو چەند وڵاتی دیکە لەمارسی٢٠١٥ـەوە دەستی کردووە بە دەسدرێژکاری سەربازی سەر یەمەن و گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەو وڵاتەی داوە.
شەڕخوازیی عەرەبستان وهاوپەیمانانی لە یەمەن تائێستا کوژرانی زیاتر لە چواردە هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس وئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.