درێژەی پەلاماری فڕۆکە جەنگیە دەسدرێژکارە سەعوودیەکان بۆسەر "حودەیدە"ی یەمەن
فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودیایی گوندی" دێر ئومم قاموس"ی سەر بە شاری"زهرە"یان لەپارێزگای حودەیدەی یەمەن زیاتر لە یانزەجار بۆردومان کرد کە کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی ژمارێکی دیکەی لێکەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆن بەگێڕانەوە لە کەناڵی ئەلمەسیرە، فڕۆکە جەنگییەکانی عەرەبستان دە جاریش ناوچەی کیلۆمتری شانزەو دەورووبەری لە حودەیدەیان بۆردومان کرد.
فڕۆکە جەنگییە دەسدرێژکارەکانی سەعوودی رۆژی ڕابردوو(یەکشەممە) ش وێستگەی رادیۆیی حودەیدەی یەمەن لە ناوچەی "ئەلمراوعە"یان بۆردومان کردو بیناکەیان بەتەواوەتی وێران کرد کە کوژرانی چوار کارمەندی ئەو رادیۆیەی لێکەوتەوە.
لەهەمان کاتدا، سەرچاوەیەکی سەربازیی یەمەنی ڕایگەیاند: یەکەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ئەمڕۆ دووشەممە لە وەڵامدانەوە بە پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی سەعوودی ، بە فڕۆکەیەکی بێ سەرنشینی جۆری"قاسف-١" ژووری هەڵمەت و سەرکردایەتی دەسدرێژکاران و بەکرێگیراوان لە لێوارە رۆژاواییەکانی یەمەنی بۆردومان کرد.
ئەوە لەکاتێکدایە کە یەکەی مووشەکیی سوپای یەمەنیش ئەمڕۆ مووشەکێکی کورتبڕی گرتە پێگەو بنکەی هێزە دەسدرێژکارەکانی هاوپەیمانیی سەعوودی لە لێوارە رۆژاواییەکان.
عەرەبستان بەداکۆکیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لەمارسی٢٠١٥ـەوە دەستی داوەتە دەسدرێژکاریی سەربازی بۆسەر یەمەن و ئەو وڵاتەی لەزەوی، ئاسمان و دەریاوە گەمارۆ داوە.
شەڕخوازیی عەرەبستان و هاوپەیمانانی لە یەمەن تائێستا کوژرانی زیاتر لە چواردە هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەو پەرتەوازە بوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.