داواکاریی فەلەستین بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان
وەزیری دەرەوەی دەزگەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین خوازیاری بەڕێوەچوونی دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بوو بۆ تاووتوێی پەلامارە قورسەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی رژیمی زایۆنی لەدژ کەرتی غەززە.
بەپێی راپۆری رۆژی سێ شەممەی هەواڵدەریی فەلەستینی "وەفا"؛ "ریاز مالکی" وەزیری دەرەوەی دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین وتی: ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ ڕاگەیشتن بە دەسدرێژکاریی ئیسرائیل لەدژ خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززە، دانیشتنی نائاسایی بەڕێوە ببات.
مالکی هەروەها داوای لە کۆمکاری عەرەب کرد، بۆ ئیدانەکردن و تاووتوێی گۆڕانکارییەکانی هاوپێوەند بە پەلامارە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، کۆبێتەوە.
وەزیری دەرەوەی دەزگەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین داوای لە نوێنەری ئەو دەزگە لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەکانیش کرد، بۆ ئیدانەکردنی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە هەوڵ بدات.
رژیمی زایۆنی لە سەرلەئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە تائێستا ناوچە ئاوەدان و ناسەربازییەکان لە کەرتی غەززە لەوان کەناڵی ئەلئەقسا، هۆتێل ئەلئەمەل، کۆبینای ئەلڕەحمە لە ناوچەی شێخ ڕیزوان و هەروەها ماڵەکانی ڕەفەح، بەنی سوهەیلا، و ئەرز شنتی، کردۆتە ئامانج.
تائێستا ١٣ فەلەستینی لەو پەلامارانەدا شەهید بوون.