نەتەوە یەکگرتووەکان: خەریکین دەگەینە تەبایی لەسەر ئاڵ و وێری دیلەکان
"مارتین گریفیتس" نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری یەمەن بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە خەریکن دەگەنە تەبایی و ڕێککەوتنێک لە سەر ئاڵ و وێری دیلەکان، وتیشی: لایەنە یەمەنییەکانی بەشدار لە دانوستانی ئاشتیی سوید، بەرپرسی دامەزراندنی ئاشتی لە وڵاتەکەیاندان.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ گریفیتس ڕۆژی دووشەممە بە ئاماژە بەوەی کە تەوەرەی سەرەکیی دانوستانەکانی ئێستا لە سوید باروودۆخی ئێستای پارێزگاکانی تەعز و "حودەیدە"یە هیوای خواست کە دوو لایەن بۆ ڕاگرتنی پەلامارەکان لەو دوو پارێزگایە بگەنە تەبایی.
گرفیتس وێڕای هیواداری دەربڕین بەرامبەر بە دەسپێبوونی خولی دووەمی دانوستانەکان لە ساڵی داهاتوودا (٢٠١٩) وتی: دانوستانەکانی لایەنە یەمەنییەکان لە سوید، دەسکەوتێکی گەورەیە کە دەبێ ڕێزی لێ وەرگیردرێ.
پاش تێپەڕینی چەن ڕۆژ لە دەسپێبوونی دانوستانی ئاشتی سوید لە نێوان لایەنە یەمەنییەکان هێشتایش ئەو دانوستانانە هیچ ئەنجامێکی دیار و بەرچاوی نەبووە.
چوارەمین خولی دانوستانی ئاشتیی یەمەن لە شەشەمی دێسەمبەرەوە بە ئامادەبوونی لایەنە یەمەنییەکان هاوڕێ لەگەڵ "مارتین گریفیتس" نوێنەری تایبەتی بەڕێوەربەری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری یەمەن یەک هەفتەیە کە لە ئێستێکهۆلمی سوید دەست پێ بووە.
ئەم خولەی دانوستانەکان سەرەتا بڕیار وابوو شەشەمی سێپتەمەر لە ژێنێڤی سویس بەڕێوە بچێ، بەڵام بە تەگەرە نانەوەی ڕژێمی سەعوودی و ئیمارات کەوتە داوە.
دانوستانە سیاسییەکان بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی یەمەن تا ئیستا لەبەر تەگەرە نانەوەکانی عەرەبستانی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی هیچ دەسکەوتێکیان نەبووە و بەرەوڕووی شکست بوونەتەوە.