پێشووازیی ئێران لە تەباییە بەرایەییەکانی دانوستانی ئاشتیی یەمەن
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەنجامە بەراییەکانی دانوستانی ئاشتیی یەمەن لە ستۆکهۆڵمی پێتەختی سویدی بە ئەرێنی و جێی هیوا هەڵسەنگاند.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "بەهرام قاسمی" ئێوارەی پێنجشەممە ڕێککەوتنی بەدەسهاتوو سەبارەت بە شار و بەندەری حودەیدەی یەمەنی بە گرینگ نرخاند و ڕاشیگەیاند: ئەو ڕێککەوتنە پیشاندەری ئەوەیە گرووپە یەمەنییەکانی بەشدار لە دانوستان باش لە باروودۆخی دڵتەزێن و کارەساتباری خەڵکی چەوساوەی یەمەن تێگەیشتوون و گەیشتنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بەو خەڵکە لێقەوماوەیان لە سەروویی قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان داناوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هیوای خواست: بەندەری حودەیدە و بەندەر و فڕۆکەخانەکانی دیکەی یەمەن لەوان فڕۆکەخانەی سەنعا دەبێ هەرچی خێراتر ئامادە بێ بۆ وەرگرتنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە بە مەبەستی کەم بوونەوەی ئێش و ئازارەکانی خەڵکی یەمەن.
قاسمی هەروەها وتیشی: ئێمە هیوادارین تەباییە بە دەست هاتووەکان لە چوارچێوە و خشتەی زەمەنی دیاری کراو جێبەجێ بکرێن و بوار خۆش ببێ بۆ خولی دواتری دانوستانەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا و گەیشتن بە ڕێککەوتنی یەکجاری.
بەهرام قاسمی جەختی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوی ستراتژیی بەرپرسانەی خۆی بەرامبەر بە قەیرانەکانی ناوچە دەورێکی بنیاتنەری گێڕاوە لە کاروباری بەڕێوەچوونی دانوستانی یەمەنی - یەمەنی لە سوید و ئێستایش هەر کۆتایی هاتنی شەڕ و ڕاگیردرانی قەڵاچۆ کران و خوێنڕشتن و بەردەوام بوونی دانوستانی یەمەنی - یەمەنی بە تەنیا ڕێگاچارەی یەکجاریی قەیرانی یەمەن دەزانین.
"محەممەد عەبدوسەلام" سەرۆکی لێژنەی دانوستانکاری بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە دانوستانەکانی ئاشتیی ستۆکهۆڵمی سوید ڕۆژی پێنجشەمە پاش کۆتایی هاتنی ئەو خولەی دانوستانەکان، باسی ئەوەی کرد کە لە سەر دامەزرانی ئاگربڕ لە بەندەری حودەیدە گەیشتوونەتە تەبایی.
چوارەمین خولی دانوستانی ئاشتیی یەمەن کە لە شەشەمی دێسەمبەرەوە بە ئامادەبوونی لایەنە یەمەنییەکان لە ستۆکهۆڵمی پێتەختی سوید دەست پێ بوو، ڕۆژی پێنجشەممە کۆتایی بە کاری خۆی هێنا.
دانوستانی سیاسیی بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی یەمەن تا ئێستا بەجاران لەبەر تەگەرە نانەوەکانی عەرەبستانی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی بەرەوڕووی شکست بۆتەوە.