ھێرشی فڕۆکەشەڕکەرەکانی سەعودی بۆ سەر سەعدەی یەمەن پانزە کوژراوو بریندار لێ کەوتەوە
فڕۆکەشەڕکەرەکانی سەعودی ڕۆژی سێ شەممە نەخۆشخانەیەکیان لە پارێزگای سەعدەی باکووری یەمەن بوردومان کرد کە لە ئەنجام دا حەوت کەسی سڤیلی یەمەنی کوژران و ھەشت کەسی دیکەش لەوانە چەند منداڵ بە خەستی بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنیی ئەلمەسیرەی یەمەن، لە ئەنجامی ھێرشی فڕۆکەشەڕکەرەکانی سەعودی زیانێکی قوری بەو نەخۆشخانەیەی سەعدەی یەمەن گەییشتووەو بەنزین خانەیەکیش سووتاوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە بەر بەردەوام بوونی ئەم ھێزشانەی عەرەبستان و ھەروەھا دژوار بوونی قریاکەوتنی برینداران ھەگەری ھەڵکشانی ژمارەی قوربانییەکان زۆرە.
شاڵاوەکانی ئەمڕۆی فڕۆکەشەڕکەرەکانی سەعودی بۆ سەر یەمەن، یەکەم تاوانکاریی عەرەبستانە لە دەستپێکی پێنجەمین ساڵی دەست درێژکاریی سەربازیی بۆ سەر یەمەن کە چوار ساڵ لەمەوبەرو لە ٢٦ی مارسی ٢٠١٥ دا دەستی پێ کرا.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە یەکەی دوورەنگێوەکانی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن لە تۆڵەی ئەو درندەکارییانەی سوپای سەعودی ٢٤ لەشکری و بەکرێگیراوی سەعودییان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە بەرەکانی حیزان و نەجران لە باشووری عەرەبستان لەنێو بردووە.
ھێزەکانی یەمەن ھەروەھا توانیویانە دوو ترۆمبیلی بەکرێگیراوانی سەعودیش لە نزیکی نەجران تێک بشکێنن کە ئەمەش لەنێوچوونی تەواوی سەرنشینەکانی ئەو ترۆمبیلانەی لێ کەوتووەتەوە.
شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان و ھاوپەیمانەکانی لە یەمەن ھەتا ئێستا کوژرانی پتر لە شانزە هەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ملوێنان کەس لە خەڵکی یەمەنی لێ کەوتووەتەوە .
سەرباری ئەمەش ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی لە پاش چوارساڵ کوشت و بڕو قەڵاچۆی ھەزازان کەس لە جەماوەری سڤیل و بێ دەرەتانی یەمەن و ھەروەھا داڕماندنی ژێرخانە سەرەکییەکانی ئەم وڵاتە ، لە بەر خۆڕاگریی خەڵکی یەمەن نەیانتوانیوە ئامانجە نەگریسەکانیان لەم وڵاتەدا مسۆگەر بکەن و بە پێچەوانەوە توانایی بەرگریکارانەی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆدرانی ھەمەلایەنەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعودییەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژ خەریکی پەرە سەندنە.