کۆبوونەوەی سوودانییەکان بۆ چوونەدەر لە هاوپەیمانی دژە یەمەنی
سوودانییەکان بە کۆبوونەوە لە خارتوومی پێتەخت، داوای چوونەدەری ئەم وڵاتە لە هاوپەیمانی سعودی ئیماراتیی شەڕ بەدژی یەمەن بوون .
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیونی جەزیرە، بەشداران لەم کۆبوونەوەیە پێداگرییان کرد کە خەڵکی یەمەن بە برای خۆیان دەزانن و داوای چوونەدەری چەکدارانی وڵاتەکەیان لە هاوپەیمانی شەڕ لەگەڵ ئەم وڵاتە دەکەن.
ناڕازیان لە خارتووم ڕایانگەیاند شەڕی هاوپەیمانی سعودی بە دژی یەمەن پێوەندییەکی بە سوودانەوە نییە و چەکدارانی کەم تەمەنی سودانی لەیەمەن دەبێ بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان .
ئەم کۆبوونەوەیە دوابەدوای ئەوە بەڕێوە چوو کە محەممەد حەمدان دەقلو، جێگری سەروکی ئەنجومەنی سەربازی ئینتقالیی سودان دوشەمەی ڕابردوو وتی : ئەم وڵاتە درێژەدات بە ئامادەبوونی لە هاوپەیمانی سعودی شەڕ بە دژی یەمەن.
سودان لەساڵی 2015 ەوە ژومارێک لە چەکدارانی خۆی بە تەماحی یارمەتییەکانی ماڵی عەرەبستان، ڕەوانەی یەمەن کردووە کە تائێستا ژومارێکی زۆرلەوانیش کوژراون .
خەڵک و ژومارێک لە کەسایەتییەکانی سیاسی سودانی هاوکات لەگەڵ پێکهێنانی ناڕەزایەتی چەند مانگی ڕابردوو لەم وڵاتە، هەموو کات داوای کشانەوەی وڵاتەکەیان لە هاوپەیمانی شەڕ بە دژی یەمەنیان کردووە.