تووشبوونی سێ سەت هەزار کەس لە یەمەن بە نەخۆشیی کولێرا لە دەسپێکی ساڵی٢٠١٩ـەوە
نووسینگەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە یەمەن ڕایگەیاند: زیاتر لە سێ سەت هەزار یەمەنی لە دەسپێکی ساڵی٢٠١٩ـەوە تائێستا تووشی نەخۆشیی کولێرا بوون.
بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ دووشەممەی ئاژانسی هەواڵیی رادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران، نووسینگەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە یەمەن وتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا دەی مای لە کۆی ٣٠٦ هەزار کەسێک کە لەیەمەن تووشی نەخۆشیی کولێرا بوون، ٥٨٠ کەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرە، زۆربەی تووشبووان بە نەخۆشیی کولێرا لە سەنعاو ناوچەکانی دەورووبەری ئەو شارە نیشتەجێن و ژمارەیان دەگاتە ٨٩ هەزار کەس.
هەروەها ٤٧ لەسەتی قوربانیان کەسانی تەمەن سەروو شەست ساڵان و ١٧ لەسەتیان ژێر پێنج ساڵانن.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشتر ڕایگەیاند، لە ئاڤریلی٢٠١٧وە هەتا کۆتایی ساڵی٢٠١٨ ملوێنێک وچوار سەت هەزار کەس لە یەمەن تووشی نەخۆشیی کولێرا بوون و پتر لە٢٧٠٠ کەس لە تووشبووان بەو نەخۆشییە گیانیان لەدەست دا.