May 16, 2019 20:03 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی سوپای یەمەن لە بارەی ھەڵمەتی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان

وتەبێژی ھێزەچەکدارەکانی یەمەن، ھەڵمەتی سەر بنکەی پۆمپاژکردنی نەوتی عەرەبستان لە نزیک ناوچەی «یەنبۆع»ی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتەی بە کاردانەوەیەک لە بەرامبەر بەردەوامیی دڕندەکارییەکانی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی و گەمارۆدرانی یەمەن ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس،«یەحیا سەریع» وتەبێژی ھێزەچەکدارەکانی یەمەن، ڕۆژی سێ شەممە بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئەگەر بێتوو دڕندەکارییەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی دژی جەماوەری یەمەن بەردەوام بێت، ھەڵمەتێکی زیاتر لە قوڵایی خاکی عەرەبستاندا ئەنجام دەدەن، پێی داگرت: سوپا ھەموو توانایەکی خۆی بۆ ڕێگرتن لە بەردەوام کرانی شاڵ اوەکانی دوژمنی سەعودی بەکار دێنێ و ئامانجی ناسەربازی نەبێت، تەواوی شوێنە گرینگ و ھەستیارەکانی دوژمن دەکاتە ئامانج.

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی سێ شەممە بە حەوت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆماڵی، دامەزراوە گرینگەکانی کۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی عەرەبستان ناسراو بە ئارامکۆیان لە ڕیازی پێتەخت و ھەروەھا «یەنبۆع»ی ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە کردە ئامانج کە دوابەدوای ئەو ھەڵمەتە ڕەوتی گواستنەوەی ڕۆژانەی سێ ملوێن بەرمیل نەوت بە تەواوی پەکی کەوت.

ھەر لەم پەیوەندییەدا «خالید فالیح» وەزیری وزەی عەرەبستانیش ڕایگەیاند کە: ھێڵی بۆریی نەوتی نێوان ناوچەی شەرقییەو یەنبۆع لە قەراخی دەریای سوور کەوتووەتە بەر ھەڵمەتی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای یەمەن.

«عەبدوڵڵا موعەللمی» نوێنەری ھەمیشەیی عەرەبستان لە ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە ئێران و بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بەرپرسی ھێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستانن.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی یەمەنی گەلێک جار جەختیان کردووە کە ھێزی بەرگریکارانەی سوپای ئەو وڵاتە بەتەواوی خۆماڵییەو سەرباری گەمارۆی ھەمەلایەنەی یەمەن ، ڕۆژلەدوای ڕۆژیش پەرە دەستێنێ.

سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕایانگەیاند: ئەو ھەڵمەتانەی ڕۆژی سێشەممە لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بە دەست درێژکارییەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی و گەمارۆدرانی جەماوەری یەمەن لە لایەن ئەوھاوپەیمانییە دەست درێژکارەوە ئەنجامی گرتووە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە بە بیانووی گەڕاندنەوەی عەبدڕەببە مەنسوور ھادی سەرۆکی لەکارکشاوەی یەمەن،شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی ئەم وڵاتە دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.  شەڕهەڵایساندنی عەرەبستان لە یەمەن کوژرانی پتر لە شانزەهەزار یەمەنی و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و هەڵوەدا بوونی ژمارەیەکی زۆری یەمەنییەکانی لێ کەوتووەتەوە  ئەمەو لە لایەکی دیکەوە داخرانی بوارگەکانی یەمەن ئەم و ڵاتەی لەگەڵ قەیرانی مرۆڤی دا بەرەوڕوو کردووەتە، بە جۆرێک کە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان باسی ئەوەیان کردووە کە لە هەر دە خولەکێک دا منداڵێکی یەمەنی لە بەر باری خراپی خواردن و نەخۆشیی گیانی خۆی لە دەست دەدات. سەرباری ئەمەش ھەتا ئێستا لە بەر خۆڕاگریی جەماوەری یەمەن دەست درێژکاران نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا  لەوانە ھێنانە سەر دەستەڵاتی دەستنیاکانی خۆیان مسۆگەر بکەن.

سەرپەیڤ