ڕۆژی قودس ڕۆژی ژیانەوەی ئیسلامە
ڕۆژی قودس 2019 لە حاڵێکدا گەیشت کە دوو پرسی خۆڕاگری / ئاشتی لە پرسی ئیسرائیل – فەلەستیندا گەیشتووەتە جیددی ترین قۆناغی خۆی.
ڕۆژی قودس بە دەسپێشخەریی ئیمام خومەینی (ره) بناغەدانەری ئینقلابی ئیسلامی ئێران دانراوە. ئیمام خومەینی بە ئامانجی بەرگری لە فەلەستین و ئارمانجەکانی، دوایین هەینیی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی وەکوو "ڕۆژی قودس" ناودێر کردووە. ئەمڕۆ ڕۆژی قودسە و یەکێکە لە ڕۆژە گرینگەکانی مێژووی جیهانی ئیسلام. رۆژی قودس بەتایبەت بۆ فەلەستینیەکان و بە گشتی بۆ هەموو موسڵمانان، بووەتە هەلێک بۆ زەق کردنەوەی کەتن و جینایەتەکانی ئیسرائیل لە دژی فەلەستین لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم ڕۆژە ئەوەندە بەلای ئیسرائیلەوە ناخۆشە کە لە ماوەیێکی دوور و درێژ پێش گەیشتنی ئەو ڕۆژە، خەریکی پلانداڕشتنە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕەخنە و ناڕەزامەندیی فەلەستینیەکان لە ڕۆژی قودسدا بە چەشنێک کە لەو ڕۆژەدا تووندترین زەبروزەنگی لە دژی فەلەستینییەکان دەکار دێنێت.
ڕۆژی قودسی 2019 هەلومەرجێکی تایبەتی هەیە. گرینگترین هۆکاریشی ئەمەیە کە سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر پرسی فەلەستینەوە، لە چوارچێوەی گەڵاڵەی مامەڵەی سەدە، ڕاشکاوانەتر و یەک لایەنەتر بووە.
ئەم گەڵاڵەیە بە ڕاشکاوی پاڵپشتی لە لایەنێک دەکات و لە پەیوەندی لەگەڵ بەرژەوەندیی ئیسرائییلدایە و زەرەر و خەساریشی بۆ فەلەستینیەکان بەدوادایە.
لە گەڵاڵەی مامەڵەی سەدە نەک تەنیا ڕێکاری دوو دەوڵەت ڕچاو نەکراوە بەڵکوو چەند بەشێکی سەرزەویە فەلەستینیەکان کە لە لایان ئیسرائیلەوە داگیر کرابوو ڕادەستی ئەو ڕژێمە دەکرێت.
قودس کە هێمای مێژووی و ئایینیی فەلەستینییەکانە لە دیسەمبەری 2018دا بە پێی بڕیاری ترەمپ بەخشرایە ئیسرائیل، هەر لەم ئاراستەیەدا "ڕیاز مەنسوور" باڵوێزی فەلەستین لە ڕێکخراوی نەتەوەکان بە ئاماژەدان بەوەی کە فەلەستینیەکان گەڵاڵەی ئەمریکی مامەڵەی سەدە بە لایەنگریەکی تۆکمە و تەواو لە ئیسرائیل دەزانن، گوتی: گەڵاڵەی مامەڵەی سەدە ئەنجامێکی ئەرێنی بۆ فەلەستینیەکان نابێ چوونکە بە داوی پێوەست کردنی هەرچی زیاتری سەرزەویە داگیرکراوەکانە بە ئیسرائیل و هەروەها حاشا کردن لە مافی گەڕانەوەی فەلەستینییەکان بۆ زێدی خۆیان.
بەشداری بەربڵاوی موسڵمانان لە خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ڕۆژی قودس وەکوو درکاندنی ئاشکرای نەیارەتی ئەوانە لەگەڵ ڕەوتی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ڕژێمی ئیسرائیلدا، نەیارەتییەک کە تاکوو ئێستا بە جاران دەنگی بەرزبووەتەوە و دیارە بەو پێیەش ڕێگری کردووە لە ڕەوتی خێرای دامەزرانی پەیوەندی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیل.
ڕێپێوانی ڕۆژی قودسی ساڵی 2019 وەکوو ساڵانی ڕابردوو، کەتن و جینایەتەکانی ئیسرائیل لە دژی گەلی فەلەستین و بەتایبەتی خەڵکی بێتاوانی کەرتی غەززە، دەدرکێنێت کە لە گەورەترین بەندیخانەی سەرئاوەڵای جیهاندا دەژین چوونکە لە ساڵی 2006 بەملاوە واتە ئەوە بۆ ماوەی 13 ساڵە لەلایان ڕژێمی ئیسرائیلەوە لە گەمارۆدان. ڕێپێوانی ڕۆژی قودسی 2019ش وەکوو ساڵانی ڕابردوو ڕەخنەیێکی جیددیە لە شێوازی هەڵسوکەوتی زلهێزانی جیهان لەمەڕ پرسی فەلەستین و پاڵپشتیی ئەوان لە جینایەتەکانی ڕژێمی ئیسرائیل.