ھاوێژرانی موشەکی یەمەنی بەرەو مۆڵگەی بەکرێگیراوانی سەعودی لە عەسیر
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن مۆڵگەی بەکرێگیراوانی سەعودییان لە شاری عەسیری باشووری عەرەبستان دایە بەر پەلاماری چوار موشەکی باڵستیکی خۆماڵیی «زەلزالی یەک».
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێ شەممەی هەواڵدەریی میهر،ھاوێژرانی موشەکەکانی یەمەن بەرەو مۆڵگەی بەکرێگیراوانی سەعودی لە شاری عەسیری باشووری عەرەبستان بووە ھۆی کەوتنی زیانێکی قورس و گیان لە دەست دانی کۆمەڵێک لە دەست درێژکاران.
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن، شەوی دووشەممەش بە موشەکێکی باڵستیکی خۆماڵیی «زەلزالی یەک» بنکەی بەکرێگیراوانی سودانیی سەربە ھاوپەیمانیی دەست درێژکارانی سەعودیی لە پارێزگای حججەی باکووری ڕۆژئاوای یەمەن دایە بەر پەلامار.
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ھەروەھا بە ئەنجام دانی ئۆپراسیۆنێک لە شاری سەرسنووریی «نەجران»ی باشووری عەرەبستان، دەیان بەکرێگیراوی سەعودییان کوشت و کۆمەڵێکی دیکەشیان بریندار کرد.
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بە شێوەی ڕۆژانە قوڵایی خاکی عەرەبستان دەدەنە بەر پەلاماری موشەکە باڵستیکەکانی خۆیان کە دیارە ئەمەش لە کاردانەوە بەرامبەر بە دەست درێژکاریی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر یەمەن و کوشت و بڕی خەڵکی سڤیلی ئەم وڵاتە ئەنجام دەگرێت. ئاستی توانایی و ھێزی بەرەڤانیی سوپاولێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆی ھەمەلایەنەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعودییەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژ پەرە دەستێنی.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.