هێرشی سوپای یەمەن بۆسەر بنکەی سەرکردایەتی هاوپەیمانی دەسدرێژکاری سەعودی لە باشوری عەرەبستان
لە ئەنجامی هێرشی سوپاو لیژنە جەماوەریەکانی یەمەن بۆسەر بنکەو پێگەکانی دەسدرێژکارانی سەعودی، بنکەی سەرکردایەتی هێزە هاوپەیمانەکان لە پارێزگای نەجران لەباشوری عەرەبستان، کرایە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، سەرتیپ "یەحیا سەریع" وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رۆژی دووشەممە وتی: ژمارێکی زۆر لە ئەفسەران و سەربازانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعودی لە هێرشەکانی سوپاو لیژنە جەماوەریەکانی یەمەن کوژران و بنکەی سەرکردایەتی هاوپەیمانی لە پارێزگای نەجران بەتەواوەتی تێکشکێندرا.
هەواڵدەریی فەرمیی عەرەبستان(واس)یش ڕایگەیاند، لە هیرشی سوپاو هێزە جەماوەریەکانی یەمەن، دوو سەربازی سەعودی لەسنوری باشوری ئەو وڵاتە لەگەڵ یەمەن کوژران.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە شازدە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.
شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.
ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.