مووشەکبارانی بنکە و مەتەرێزەکانی هاوپەیمانی سەعوودی لە عەسیری عەرەبستان
سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شەوی هەینی بنکە و مەتەرێزی هێزەکانی هاوپەیمانیی سەعوودییان لە پارێزگای عەسیر لە باشووری عەرەبستان مووشەکباران کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕایگەیاند؛ بە چوار مووشەکی بالستیکی خۆجێی لە چەشنی "زلزال١" بنکە و مەتەرێزی بەکرێگیراوانی هێزەکانی هاوپەیمانیی دەسدرێژکاریی سەعوودییان لە ناوچەکانی "البواب الحدید" لە عەسیری عەرەبستان داوەتە بەر پەلامار.
ژێدەرە یەمەنییەکان ڕایانگەیاند؛ زەبرو زیانێکی قورس لە سەعوودییەکان و بەکرێگیراوانیان کەوتوە.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممەیش یەکەکانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەکی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا بنکەی بەکرێگیراوانی سەعوودییان لە شاری "عەدەن" هەڵکەوتوو لە باشووری یەمەن دایە بەر پەلامار.
کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئەلمەسیرەی یەمەنی ڕایگەیاند لەو ئۆپەراسیۆنەدا ٥١ بەکرێگیراوی سەعودی کوژراون و زەبرێکی قورس لە هێزەکانی دەسدرێژکار کەوتووە.
سەرلەشکەر "محەممەد ناسر ئەلعاتفی" وەزیری بەرەڤانیی یەمەن ئەمدواییەی جەختی کردبوو کە دەرکەی جەهەننەمیان لە سەر دەسدرێژکاران کردۆتەوە.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە شازدە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.
شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.
ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.