مەرگی ٣٢ هەزار نەخۆشیی یەمەنی لەبەر بەردەوام بوونی گەمارۆی یەمەن
دوو ناوەندی مافی مرۆڤ ڕۆژی دووشەممە رایانگەیاند؛ هاوپەیمانیی سەعوودی بە گەمارۆی یەمەن تا ئێستا بۆتە هۆی مەرگی ٣٢ هەزار نەخۆشی یەمەنی.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویژ و ڕێکخراوی نادەوڵەتیی " چاوەدێری و هاسان کردنەوەی هاوکارییەکان" لە بەیاننامەیەکی هاوبەش ڕایگەیاند: لە دەسپێکی هاوپەیمانیی سەعوودییەوە بۆ سەر یەمەن تا ئێستا ٣٢ هەزار نەخۆشی یەمەنی لەبەر گونجاو نەبوونی سەفەر بۆ دەرەوەی ئەم وڵاتە بۆ دەرمان و چارەسەری، گیانیان لە دەست داوە.
ئەم دوو ناوەندەی چالاک لە بواری بەرگری لە مافی مرۆڤ هەروەها راشکاوانە ڕایانگەیاند: ڕاگیردرانی چالاکیی فڕۆکەخانەی سەنعا، دەیان هەزار نەخۆشیی یەمەنی خستۆتە مەترسیی مردنەوە.
سنووری ئاسمانیی یەمەن لە دەسپێکی دەسدرێژی ڕژێمی عەرەبستانەوە لە سەر یەمەن داخراوە.
"مارک لوکوک" Mark Lowcock جێگری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە کاروباری مرۆڤدۆستانە ئەمدواییە ڕایگەیاند؛ یەمەن بەرەوڕووی نالەبارترین کارەساتیی مرۆیی لە مێژوودا بۆتەوە.
لە لایەکی دیکەوە کەناڵی ئەلمەسیرەی یەمەن شەوی سێشەممە باسی کوژرانی ٢٤ بەکرێگیراوی سەعوودی لە ئۆپەراسیۆنی یەکەی نیشانەپێکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن لە "نەجران"ی باشووری عەرەبستان.
فڕۆکە جەنگییە دەسدرێژکاری ئەمریکایی _سەعوودیش دوێنێ دووشەممە چوار جار هێرشیان کردە سەر شاری عمران کە بە هۆی ئەو هێرشانەوە ژمارێک لە شاروومەندان بریندار بوون و زەبر و زیانێکی قورس لە ماڵ و بینا و باڵاخانەکانی ئەو شارە کەوت.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە شازدە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.
شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.