بوردومانی بنکەوبارەگای بەکرێگیراوانی سەعودی لە باشووری عەرەبستان
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شەوی چوارشەممە لە وەڵامی سنوور بەزاندن و دڕندەکاریی ھاوپەیمانیی سەعودی لە یەمەن، بنکەوبارەگای بەکرێگیراوانی سەعودییان لە باشووری عەرەبستان بوردومان کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕایگەیاند: بە سێ موشەکی باڵستیکی خۆماڵی لە چەشنی «زەلزالی یەک» بنکەوبارەگای بەکرێگیراوانی سەعودیی لە ناوچەی «مجازالغربیە» لە پارێزگای «عەسیر»ی باشووری عەرەبستان کردووەتە ئامانج.
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ھەروەھا دوو موشەکی «زەلزالی یەک»ی گرتووەتە شوێنی مۆڵ درانی بەکرێگیراوانی سەعودی لە ناوچەی ئەلسەدیس لە نەجرانی باشووری عەرەبستان.
سەرچاوەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە، زیانێکی قورس لە سەعودییەکان کەوتووە.
سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بە شێوەی ڕۆژانە قوڵایی خاکی عەرەبستان دەدەنە بەر پەلاماری موشەکە باڵستیکەکانی خۆیان کە دیارە ئەمەش لە کاردانەوە بەرامبەر بە دەست درێژکاریی ھاوپەیمانیی سەعودی بۆ سەر یەمەن و کوشت و بڕی خەڵکی سڤیلی ئەم وڵاتە ئەنجام دەگرێت. ئاستی توانایی و ھێزی بەرەڤانیی سوپاولێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن سەرباری گەمارۆی ھەمەلایەنەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعودییەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژ پەرە دەستێنی.
عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.