ڕێپێوانی جەماوەری فەلەستین لە ساڵگەڕی ئاگر تێبەردانی مزگەوتی ئەقسا
جەماوەری فەلەستین ھاوکات لەگەڵ پەنجاھەمین ساڵگەڕی ئاگر تێبەردانی مزگەوتی ئەقسا لە لایەن زایونییەکانەوە، لە کەرتی غەززە دەستیان دایە ڕێپێوان.
ئەمڕۆ چوارشەممە بیست و یەکەمی ئوت،پەنجاھەمین ساڵگەڕی ئاگر تێبەردانی مزگەوتی ئەقسا لە لایەن زایونییەکانەوەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، بەشدارانی ئەم ڕێپێوانە وێڕای بەرز کردنەوەی دروشمگەلێک بۆ ئیدانە کردنی کردەوەو تاوانکارییەکانی زایونییەکان دژی مزگەوتی ئەقسا و قودسی پیرۆز جەختیان کرد:جەماوەری فەلەستین قەت واز لە قودس و مزگەوتی ئەقسا ناھێنن.
لە درێژەی ئەم ڕێپێوانەدا ، تاقمەکانی خۆڕاگریش ڕایانگەیاند: قودس پێتەختی جەماوەری فەلەستینەو فەلەستینییەکان قەت ماوەی ئەوە نادەن کە پیلانی ئەمریکا دژی جەماوەری فەلەستین جێبەجێ بکرێت.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە نوێنەرانی بزوتنەوەکانی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین«حەماس»، جیھادی ئیسلامیی فەلەستین و نوێنەرانی بزوتنەوەی حیزبوڵڵا و ئەمەلی لوبنان و تاقمە سیاسییەکانی دیکە لە دانیشتنێکدا لە بەیرووت وێڕای ئیدانە کردنی ئەم کارەساتە، داوای کاردانەوە پیشاندانی لێبڕاوانەو دەستبەجێی وڵاتانی ئیسلامی و کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکانیان کرد بەرامبەر بە ڕەوتی ھەڵقەندنەکانی ڕژێمی زایونی لەژێر مزگەوتی ئەقسادا.
ئاگر تێبەردانی مزگەوتی ئەقسا یەکەم ڕووگەی موسڵمانان و لە پیرۆزترین شوێنی ئایینە ئاسمانییەکان لە ٢١ی ئوتی ساڵی ١٩٦٩ ، بەڵگەیەکی دیکەی تاوانکاریی ڕژێمی زایونی و پەڵەیەکی پڕ لە شەرمە بۆ داگیرکەرانی قودس کە بۆ ھەتاھەتایە پاک نابێتەوە.
ڕژێمی زایونی ئەم ڕووداوەی کە لەگەڵ ڕق و بێزاریی موسڵمانانی سەرتاسەری جیھاندا ڕووبەڕوو بووەوە دایە پاڵ گەڕۆکێکی جولەکەی توندئاژۆی ئۆسترالیایی بە ناوی «دنیس مایکێڵ ڕۆھان» و پاشان لە دادگەیەکی ڕواڵەتی و فۆڕمالیتەدا دادگایی کردو پاشان بەو بانگەشەیەی کە تووشی نەخۆشیی دەروونییە بەرەڵڵای کرد.