پەلاماری تۆپخانەیی هاوپەیمانیی سەعودیا بۆسەر"حودەیدە"ی یەمەن
هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعودی دوێشەو(هەینی) بە پێشێلکردنی دووبارەی ڕێککەوتننامەی ئاگربڕ، ناوچە ناسەربازییەکان لە حودەیدە لەڕۆژاوای یەمەنی، تۆپباران کرد.
کەناڵی ئەلمەسیرەی یەمەن ڕایگەیاند، هاوپەیمانی سەعودیا کۆلێژێک و مزگەوتێکی لەناوچەی "حەوتی جولای" حودەیدە کردۆتە ئامانج.
لەمەڕ خەسار و زیانی شیمانەیی ئەو پەلامارە جارێ هیچ ڕاپۆرێک بڵاو نەکراوەتەوە.
ئاگربڕی ڕێککەوتن لەسەر کراو لە سۆئێد لەنێوان شاندی نێردراوی سەنعا و شاندی ڕیاز لە سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە ١٨ی دیسەمبەری٢٠١٨وە لەپارێزگای حودەیدە لە ڕۆژاوای یەمەن دەس پێ بووە بەڵام هاوپەیمانی سەعودی هەموو ڕۆژێک پێشێلی دەکا.
بەندەری حودەیدە سەرەکیترین ڕێگای ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ یەمەنە.
چوارەمین خولی دانوستانەکانی ئاشتیی یەمەن لە شەشی دیسەمبەری٢٠١٨وە بەئامادەبوونی لایەنە یەمەنییەکان بە سەرۆکایەتی "مارتین گریفیتس" نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ستۆکۆڵمی سۆئێد دەس پێ کراو رۆژی پێنج شەممە ١٣ی دیسەمبەری٢٠١٨ بەڕێککەوتن لەسەر ئاگربڕ لە حودەیدە، کۆتایی پێهات.
تائێستا چەندین جار بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن ، هەوڵ دراوە بەڵام هەموو جار بەهۆی تەگەرەنانەوەی عەرەبستان وهاوپەیمانەکانی گەیشتووەتە بن بەست.