بوختان ھەڵبەستنی تازەی دەوڵەتی نەیجێریا بۆ شێخ زەکزاکی
دەوڵەتی نەیجێریا لە بوختان ھەڵبەستنێکی تازەدا بۆ « شێخ ئیبراھم زەکزاکی» ڕێبەری بزوتنەوەی ئیسلامیی ئەم وڵاتە، ناوبراوی بە ھەوڵدان بۆ بەرپاکردنی شۆڕش تۆمەتبار کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی بنکەی ئینتێڕنێتیی «ئەفریکەن»، دەوڵەتی نەیجێریا ڕۆژی پێنج شەممە لە بانگەشەیەکی تازەدا « شێخ ئیبراھم زەکزاکی» ڕێبەری بزوتنەوەی ئیسلامیی ئەم وڵاتەی بە وەرگرتنی پارە لە ئێران بۆ ھەڵایساندنی شۆڕش تۆمەتبار کرد.
دەوڵەتی نەیجێریا بە سکاڵا دەربڕین لای دادگەی باڵای فیدراڵی ئەبوجای پێتەختی ئەم وڵاتە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەندامانی بزوتنەوەی ئیسلامیی نەیجێریا دەوڵەتی «موحەممەدۆ بوھاری» سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە بە فەرمی ناناسن.
وا باس دەکرێت کە بوختان و بانگەشەی تازەی دەوڵەتی نەیجێریا دژی « شێخ ئیبراھم زەکزاکی» ڕێبەری بزوتنەوەی ئیسلامیی ئەم وڵاتە لە درێژەی ھەوڵی سڕینەوەی سیاسی و تەنانەت کوشتنی ناوبراو ئەنجامی گرتووە.
بزوتنەوەی ئیسلامیی نەیجێریا مانگی ڕابردوو ڕاشکاوانە باسی ھەوڵی دەست و پێوەندەکانی دەوڵەتی ئەم وڵاتەی کرد بۆ تیرۆری « شێخ ئیبراھم زەکزاکی» لە میانەی گەشتەی ناوبراو بۆ وڵاتی ھیند بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری. «شێخ ئیبراھم زەکزاکی» ڕێبەری بزوتنەوەی ئیسلامیی نەیجێریاو ھاوسەرەکەی ١٣ی دیسامبەری ٢٠١٥ لە پەلاماری خوێناویی هێزەکانی ئەم وڵاتە بۆسەر حسێنیەی شاری زاریا لە ویلایەتی کادونا بریندارو قۆڵبەست کرا. ھێزەکانی سوپای نەیجێریا لە ڕۆژی قۆڵبەست کردنی «شێخ ئیبراھم زەکزاکی» بە تەقە کردن بەرەو ئاپۆڕەی ئەو خەڵکەی وا لە بەردەم حسەینیەو ماڵەکەی ناوبراو خڕ ببوونەوە، سەدان کەس لەوانە سێ کوڕی شێخ زەکزاکییان شەھید کرد.
دەوڵەتی نەیجێریا سەرەنجام لەژێر گوشاری ناڕەزامەندیی جەماوەری، مانگی ڕابردوو مۆڵەتی دایە«شێخ ئیبراھم زەکزاکی» و ھاوسەرەکەی ھەتا بۆ وەرگرتنی چارەسەری سەردانی ھیند بکەن، بەڵام ئەوانە لە بەر ھێندێک بەرتەسکیی ئاسایشتی و نەبوونی پزیشکی جێی متمانە گەشتەکەی خۆیانیان بە نیوەچڵی ھێشتەوەو گەڕانەوە بۆ وڵات.