ڕاگیردرانی نیوەی پرۆسەی بەرهەم هێنانی نەوتی عەرەبستان بە هۆی پەلاماری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەن
وەزیری وزەی عەرەبستان شەوی یەکشەممە ڕایگەیاند نیوەی پرۆسەی بەرهەم هێنانی نەوتی ئەم وڵاتە بە هۆی پەلاماری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بۆ سەر دام و دەزگەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عەرەبستان" ئارامکۆ" راگیردراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "عەبدولعەزیز بن سەلمان" وەزیری وزەی عەرەبستان ڕایگەیاند: پەلاماری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی یەمەن بۆسەر پاڵاوتگەکانی "بوقەیق" و خورەیس"ی ئەم وڵاتە بۆتە هۆی ڕاگیردرانی کاتیی بەرهەم هاتنی نەوت لەو دوو پاڵاوتگەیەدا.
هەروەها "محەممەد بەخیتی" لە ئەندامانی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن، لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە بە ئاماژە بە پەلاماری ڕۆژی شەممەی خەباتگێڕانی یەمەنی بۆ سەر دام و دەزگەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ و ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاو لەو دام و دەزگە نەوتییانە و هەروەها دان نانی ڕژێمی سەعوودی بەو ڕووداوە، هەڕەشەی کرد بێتوو عەرەبستان بەردەوام بێ لە سەر دەسدرێژی و پەلامارەکانی بۆ سەر یەمەن، خەباتگێڕانی یەمەنی دەست دەگرن بە سەر ڕیازی پێتەختی عەرەبستاندا.
یەکەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژی شەممە لە وەڵامدانەوەی جەنایەتەکانی هاوپەیمانی سەعودی لە یەمەن، بە ١٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆجێی، پاڵاوتگەکانی "بوقەیق" و خورەیس"ی سەر بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عەرەبستان "ئارامکۆ"ـیان دایە بەر پە لامار.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە شازدە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.
شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.
ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.