پێشنیاری یەمەن بە هاوپەیمانی دەسدرێژکاری سەعوودی بۆ ئاڵ و گۆڕ کردنی دوو هەزار ئەسیر
"عەبدولقادر مورتزا" سەرۆکی لێژنەی نیشتمانیی کاروباری ئەسیرانی یەمەن، لە لاپەڕەی شەخسی خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند کە دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتمانیی ئەم وڵاتە ئامادەیە بۆ ئاڵ و گۆڕ کردنی دوو هەزار ئەسیر لەگەڵ هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعوودی.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "عەبدولقادر مورتزا" لە تویتەردا نووسی: دەوڵەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن ئامادەیە هەفتەی داهاتوو ئەسیرەکانی ئاڵ و گۆڕ بکات.
لە ئۆپەراسیۆنی ئەمدواییەی یەمەنییەکان لە نەجران هەڵکەوتوو لە باشووری عەرەبستان، ٣ هەزار بەکرێگیراوی هاوپەیمانی سەعوودی لە لایەن یەمەنییەکانەوە ئەسیر کران. ئۆپەراسیۆنی "نصر من اللە" گەورەترین ئۆپەراسیۆنی یەمەنییەکان دژ بە عەرەبستانی سەعوودی بووە.
دەسەڵاتی بەرەڤانیی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن وێڕای ئەوەی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕژێمی سەعوودییەوە گەمارۆیەکی هەمەلایەنە دراوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە شازدە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.
شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.
ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خەڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.