تاقیکاریی موشەکیی حەماس لە کەرتی غەززە
بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین(حەماس) بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرپەرچ دانەوە، چەند موشەکێکی لە کەرتی غەززەدا تاقی کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی ھەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ئەم موشەکانە کە بەرەو دەریا ھاوێژراون، لە چوارچێوەی ھەوڵی بزوتنەوەی حەماس بۆ نۆژەن کردن و بەرز کردنەوەی ئاستی توانایی سەربازی و موشەکی و ھەروەھا خۆسازدان بۆ بەربەرەکانێی شیمانەیی ڕژێمی زایونی تاقی کراونەتەوە.
ڕژێمی زایونی لەماوەی ساڵانی ڕابردوو بە بیانووی جۆربەجۆر ھێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی کەرتی غەززە کە دیارە لەگەڵ تۆڵەسەندنەوەی تاقمەکانی خۆڕاگری دا بەرەوڕوو بووەتەوە.
ڕژێمی زایونی لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لەپاش سەرکەوتنی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین«حەماس» لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان، کەرتی غەززەی گەمارۆ داوەو پێشی بە چوونی کاڵاو پێدوایستیی سەرەکی لەوانە سووتەمەنی، خۆراک، داوودەرمان و کەرەستەی بیناسازیی بۆ ئەم ناوچەیە گرتووە . ئەمەش وایکردووە ھەتا دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بەرەوڕووی گرفتی زۆر ببنەوە.