دانوستانی تورکیاو ڕووسیا سەبارەت بە لیبیا دەستی پێ کرد
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا رایگەیاند: دانوستانی ڕووسیاو تورکیا لەئاستی وەزیرانی دەرەوەو بەرگریی دوو وڵات سەبارەت بە قەیرانی لیبیا لە مۆسکۆ دەستی پێ کردوە.
"ماریا زاخارۆوا" رۆژی دووشەممە لە فەیس بوکدا نووسی: دانوستانەکانی سێرگئی لاڤرۆف و سێرگئی شایگۆ لەگەڵ مەولوود چاووش ئۆغڵوو و خلوسی ئاکار وەزیرانی دەرەوەو بەرگریی ڕووسیاو تورکیا لە فۆرمەتی ٢+٢ بۆ تاووتوێی بارودۆخی لیبیا دەس پێکراو بەپێی بەرنامە، شاندە لیبیاییەکانیش پەیوەستی دەبن.
فائیز سێراج سەرۆکی دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانی و خەلیفە حەفتەر، سەرۆکی سوپای ڕۆژهەڵاتی لیبیا بڕیارە پاش ئەوەی دوولایەنی تێوەگلاوی شەڕی دەسەڵات لە لیبیا ڕۆژی شەممە قەبووڵیان کرد کە دەست هەڵبگرن لەدرێژەدان بە شەڕ، ئەمڕۆ بۆ ڕەسمییەت دان بەو ئاگربڕە، ڕێککەوتننامەیەکی فەرمی ئیمزا بکەن.
هەرلەو بارەوە، فائیز سێڕاج سەرۆکی دەوڵەتی ویفاقی نیشتمانیی جێی داکۆکیی ڕێکخراوی نەتەوەکان و هەروەها ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەری سە رۆکی ئەرکانی سوپاو سەرۆکی دامەزراوەی رۆژهەڵاتی لیبیا گەیشتوونەتە مۆسکۆ.
واپێ دەچێ پاش ئەو ڕاوێژکارییانەی دوێنێ لەنێوان ڤلادیمیر پوتین و رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارانی ڕووسیاو تورکیا سەبارەت بەلیبیا ئەنجامی گرت، دوولایەن قەبووڵیان کرد لە مۆسکۆ لەپشت مێزێک دابنیشن و ئاگربڕی ڕێککەوتن لەسەرکراو، بەفەرمیی بکەن.
ئێستا لیبیا بووە بەوڵاتێکی دوو کەرتکراوە کە نیوەی لەلایەن حکومەتێکی جێی داکۆکیی ڕێکخراوی نەتەوەکان ئیدارە دەبێ و نیوەکەی دیکەی لەدەست ئەو هێزانە دایە کە داگیرکردنی پایتەخت و زاڵبوون بەتەواوەتی بەسەر لیبیادا پێوشوێن دەگرن.