کاردانەوەی وتەبێژی "خەلیفە حەفتەر" بە راگەیەندرانی جێگیربوونی سەربازیی تورکیا لە لیبیا
وتەبێژی گرووپی ناسراو بە "سوپای نیشتمانیی لیبیا" کاردانەوەی پێشاندا بەرامبەر لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە جێگیربوونی جەنگی ئانکارا لە لیبیاو تورکیای بە هۆکاری درێژخایەن بوونی قەیران لەو وڵاتە زانی.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی فارس، سەرتیپ "ئەحمەد مسماری" وتەبێژی گرووپی میلیشیای ناسراو بە "سوپای نیشتمانیی لیبیا"، وتی کە دانپێدانانی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بە ناردنی هێزەکانی بۆ لیبیا، سەلمێنەری دەور و ڕۆڵی ئانکارایە لە داکۆکی کردن لە ترۆریزم و درێژخایەن کردنی تەمەنی قەیران لەو وڵاتەدا.
ناوبراو هەروەها پێی داگرت: دەوڵەتی "السراج" خۆی خاوەنی هیچ هەڵوێستێک نییەو فەرمانەکانی قەتەر و تورکیا و میلیشیاکان جێ بەجێ دەکا. سوپای نیشتمانیی لیبیا هیچ ڕێککەوتننامەیەکی ئاگربڕ پێش کشانەوەی بەکرێگیراوان و هێزەکانی تورکیا لە خاکی لیبیا ئیمزا ناکا.
رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ یەکەمجار، رۆژی هەینیی پێی داگرت، ژمارێک لە چەکدارانی "سوپای نیشتمانی" لە سوریاوە ڕەوانەی لیبیا کردووەو جگە لەوانە، ژمارێک لە هێزەکانی تورکیاش نێردراونە ئەو وڵاتە بۆ مەشق پێکردن و ڕاهێنان.