ئاب 05, 2020 12:13 Asia/Tehran
  • ھەڵکشانی ژمارەی گیان لە دەست داوانی تەقینەوەکەی بەیرووت بۆ ٧٣ کەس

وەزیری تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاند: لە ڕووداوی تەقینەوە دڵتەزێنەکەی بەندەری بەیرووت، ھەتا ئێستا ٧٣ کەس گیانیان لە دەست داوە.

ئێوارە ڕۆژی سێ شەممە تەقینەوەیەکی قورس لە بەندەری بەیرووت ڕووی دا کە بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی لوبنان ڕایگەیاند، ماددەی نیترات ھۆکاری تەقینەوەکە بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لەم پەیوەندییەدا «حەمەد حەسەن» وەزیری تەندروستیی لوبنان ڕایگەیاندووە: تەقینەوە دڵتەزێنەکەی بەیرووت گیان لەدەست دانی ٧٣ کەس و بریندار بوونی سێ ھەزارزو ٧٠٠ کەسی لێ کەوتووەتەوە.

«حسان دیاب» سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە ئاراستەی ڕاپەڕاندنی ڕاسپاردەکەی ئەنجومەنی باڵای بەرەڤانیی ئەم وڵاتە باری نائاسایی لە لوبناندا ڕاگەیاندووە.

ئەنجومەنی باڵای بەرەڤانیی لوبنان سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دا بە سەرۆکایەتیی میشێل عەون سێ ڕۆژ ماتەمینیی گشتیی و داخرانی فەرمانگە دەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتەی ڕاژەیاند.

«فەرحان حەق» یاریدەری وتەبێژی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە، لە تەقینەوەکەی بەیرووت دا ٤٨ کەس لە کارگێڕانی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بریندار بوونە.

«ئاندریا تیننی_ Andrea Tenenti» وتەبێژی فەرمیی ھێزەکانی ئاشتی پارێزی ڕێکخراوەی نەتەوە بەکگرتووەکان لە لوبنان(یونیفێل)یش لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: لە ئەنجامی تەقینەوە قورسەکەی ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە لە بەیرووت، کەشتییەکی «یونیفێل» کە لەو بەندەرەدا جێگیر ببوو زەبری وێکەوت و کۆمەڵێک لە ھێزەکانی ئاشتی پارێز بریندار بوون کە باری تەندروستیی کۆمەڵێکیان شپرزەیە.

ھەروەھا لە ئەنجامی تەقینەوە قورسەکەی بەیرووت کارمەندانی چەند باڵوێزخانەیەکیش کوژراون و یان بریندار بوونە.

سەرپەیڤ