ژمارەی بێسەروشوێنبوانی تەقینەوەکەی بەیروت ئاشکرادەکرێت
عەمید ئەلیاس عاد، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندیە گشتیەکانی سوپای لوبنان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا حەوت کەس لە تەقینەوە گەورەکەی چواری ئەم مانگەی مەرفای بەیروت بێسەروشوێنن.
عەمید ئەلیاس عاد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە پشتن بەستن بەداتاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەهەماهەنگی لەگەڵ مانگی سوری لوبنانی، تاوەکو ئێستا حەوت کەس کە سێ کەسیان هاوڵاتی لوبنانن، سێ کەسیشیان هاوڵاتی سوریان و ئەوی دیکەشیان هاوڵاتی میسڕیە لە تەقینەوە گەورەکەی مەرفای بەیروت بێسەروشوێنن و تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
لێکۆڵینەوەی بەرپرسان کە پێکهاتون لە لێکۆڵەرانی فڕەنسا و ئەمریکا لە سەر شوێنەوارەکانی تەقینەوەکەی لوبنان بەردەوامە کە بەهۆی بڕێکی زۆر ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆمەوە لە کۆگاکانی ناوچەی مەرفا رویدا.
رۆژی 4-8-2020 لەئەنجامی تەقینەوەیەکی گەورە لەناوچەی مەرفای بەیروت 188 کەس کوژران و زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون.